به‌ مه‌به‌ستی پـته‌وکردنی په‌یوه‌ندیـیه‌کان سه‌رۆک ئۆباما سه‌ردانی چین ده‌دات

سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما له‌ دره‌نگانێـکی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ گه‌یشـتۆته‌ چین که‌ له‌وێدا چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت له‌سه‌ر باری ئابووری و گۆڕانی که‌ش وتووێژ بکات.

ئۆباما سه‌ردانه‌که‌ی له‌ شه‌نگهایه‌وه‌ ده‌سـتپـێـده‌کات و‌ بڕیار وایه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ران و خوێندکارانی زانکۆکاندا له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ کۆبـبێته‌وه‌.

کۆشـکی سـپی ده‌ڵێت بڕیار وایه‌ سه‌رۆک له‌گه‌ڵ خوێندکاره‌کاندا له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان و چیندا قسه‌ بکات. پاشـان وه‌ڵامی ئه‌و پـرسیارانه‌ بداته‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن خوێندکاران و که‌سـانی تر که‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌ جۆراوجۆره‌کاندا کردوویانه‌.

پاشـان ئۆباما به‌ره‌و به‌یژین ده‌که‌وێته‌ڕێ بۆ کۆوبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی چینی.

سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت واشـنتن خه‌ریکی قۆڵکردنی په‌یوه‌ندیـیه‌کانێتی له‌گه‌ڵ چیندا.