حامید کارزایی سـوێندی یاسایی سه‌رۆکایه‌تی خوارد

سه‌رۆکی ئه‌فغانسـتان حامید کارزایی سوێندی یاسایی گه‌ڕی دووه‌می پـێـنج سـاڵی سه‌رۆکایه‌تی خوارد، دوابه‌دوای سه‌رکه‌وتنه‌ مشـتومڕ له‌سه‌ره‌که‌ی له‌ هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌که‌دا.

ئه‌و ڕێوڕه‌سـمی سوێندخواردنه‌ ئه‌مڕۆ پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ کۆشـکی سه‌رۆکایه‌تی له‌ کابولی پایته‌خت ئه‌نجا‌م‌درا. له‌ میانه‌ی وتاره‌که‌یدا بۆ یاسادانه‌ران و که‌سـانی بیانی و ڕێبه‌رانی ئه‌فغانی سه‌رۆک کارزایی په‌یمانی نه‌هێشـتنی گه‌نده‌ڵی دا و ئه‌وه‌ی به‌ دوژمنێـکی سه‌ره‌کی بۆ وڵات وه‌سفکرد.

سه‌رۆک کارزایی فشـاری ڕۆژئاوای له‌سه‌ره‌ بۆ شه‌ڕی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ده‌سـتهێنانی متمانه‌ی گشـتی به‌ حکومه‌ت. ئه‌و په‌یمانی دا وه‌زیرانی به‌ توانا و شـاره‌زا ده‌سـتنیشـان بکات و په‌یمانیشی دا دژ به‌وانه‌ بوه‌سـتێت که‌ یاسا و ده‌سـتوری وڵات پـێشـێـل ده‌که‌ن.

سه‌رۆک حامید کارزایی گوتیشی ئه‌رکێـکی تری حکومه‌ته‌که‌ی گواسـتنه‌وه‌ی ئه‌رکی ئاسایشی ده‌بێت بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی ئه‌فغانی و گوتیشی خوازیاره‌ تا ماوه‌ی پـێـنج سـاڵی داهاتوو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی ئاسایشی بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی ئه‌فغانی.