عادل به‌رواری ده‌ڵێت ڤیتۆکه‌ی تاریق ئه‌لهاشمی و میکانیزمی دابه‌شـکردنی کورسیـیه‌کان دوو بابه‌تی جیاوازن

به‌پـێی هه‌واڵه‌کان بڕیاره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت خۆی بـبه‌ستێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر داواکه‌ی جێـگری سه‌رۆکی عێراق تاریق ئه‌لهاشمی بۆ زیادکردنی ژماره‌ی نوێنه‌رانی ئه‌و عێراقیـیانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یاندا ده‌ژین.

عادل به‌رواری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان حه‌یدر که‌ریم ده‌ڵێت له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ میکانیزمی دابه‌شـکردنی کورسـیـیه‌کان ناکرێت ئه‌وه‌ی لایه‌نی کوردی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر هه‌یه‌، چونکه‌ ڤیتۆکه‌ی تاریق ئه‌لهاشمی له‌سه‌ر به‌شێـکی یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌که‌یه‌ که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ نیـیه‌. ده‌شڵێت لیستی هاوپه‌یمانێتی کوردسـتان داوای کردووه‌ وه‌زیری بازرگانی بانگهێشتی په‌رله‌مان بکرێت تا ڕوونکردنه‌وه‌ بدات له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازیـیه‌ زۆره‌ی له‌ نێوان ڕێژه‌ی زیادبوونی دانیسشـتووانی پارێزگاکاندا هه‌یه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 6 خوله‌كه‌.