دڵشـاد نوعمان ڕه‌خنه‌ ده‌گرێت له‌وه‌ی که‌س داکۆکی له‌ مافی ئێزدیـیه‌کان ناکات

به‌پـێی‌ یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کانی عێراق که‌ تا ئێسـتا هه‌موارکراوه‌ ته‌نها یه‌ک کورسی پارێزگای موسڵ له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراقدا بۆ ئێزدیـیه‌کان ته‌رخان ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش له‌ کاتێـکدا پـێنج کورسی له‌ پـێـنج پارێزگای عێراقدا بۆ مه‌سیحیـیه‌کان بڕاوه‌ته‌وه‌.

میر ته‌حسین سه‌عید به‌گ میری ئێزدیـیه‌کانی عێراق و جیهان ناڕه‌زایی خۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ ناڕه‌وایی‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدیـیه‌کان ده‌کرێت له‌ کاتێـکدا زیاتر له‌ نیو ملیۆن که‌س هه‌ر له‌ پارێزگای موسڵدا ئێزدین، بۆیه‌ داوا ده‌کات پـێنج کورسی ئه‌و پارێزگایه‌ بۆ ئێزدیـیه‌کان ته‌رخان بکرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دڵشـاد نوعمان لێـکۆڵه‌ر و ڕۆژنامه‌وان له‌ شارۆچکه‌ی شێخان له‌ گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان ده‌خیلی شه‌ممۆ ده‌ڵێت هۆی ئه‌و ناڕه‌وایی‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌س داکۆکی له‌ مافی ئێزدیـیه‌کان ناکات و ته‌نانه‌ت دوو پارته‌ سه‌ره‌کیـیه‌ کوردیـیه‌که‌ش له‌ هه‌ندێـک مه‌سه‌له‌دا له‌گه‌ڵیاندا نین. پاشـان ده‌ڵێت ئێزدیـیه‌کان ته‌نانه‌ت که‌ناڵێـکی ته‌له‌فیزیۆنیـیان نیـیه‌ هه‌تا خواسـته‌کانی خۆیانی له‌سه‌ر ڕابگه‌یه‌نن و فشـار پـێ‌بخه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیـیه‌کان.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌میر گۆران په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ موسڵ ڕاپـۆرتی ئاماده‌کردووه‌.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرت و گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌.