حاجیـیانی موسـڵمان به‌ردبارانکردنی شه‌یتانیان ته‌واو کرد

به‌ سه‌دان هه‌زار له‌ حاجیـیانی موسـڵمان له‌ شـانشینی سـعودی ڕێوڕه‌سمی به‌ردبارانکردنی شه‌یتانیان ته‌واو کرد، واته‌ ئه‌و ڕێوڕه‌سـمه‌ی له‌ ڕووی مێژوویی‌یه‌وه‌ هه‌ره‌ گرنگترین به‌شی پـرۆسه‌ی حه‌جکردنی سـاڵانه‌یه‌.

ئه‌مش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین ڕۆژی جه‌ژنی قوربان و تیایدا ژماره‌یه‌کی زۆر مه‌ڕ سه‌رده‌بڕێن و ده‌کرێنه‌ قوربانی.

له‌ ئه‌مڕۆوه‌ و بۆ سێ ڕۆژ یه‌ک له‌ دوای یه‌ک حاجیان بردبارانی ئه‌و دیواره‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ شه‌یتان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

ڕێوڕه‌سمی به‌ردبارانی شـه‌یتان واته‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ڵـخه‌ڵه‌تاندن له‌خۆده‌گرێت.

له‌م سـاڵانه‌ی دواییدا و له‌سه‌ر پـردی جه‌مرات سێ ڕووداوی کوشـنده‌ و که‌وتن به‌سه‌ر یه‌کدا ڕوویان دا واته‌ له‌و جێـگایه‌ی نه‌ریتی به‌ردبارانی شـه‌یتانی تیایدا ئه‌نجام‌ده‌درێت.

ئه‌وه‌ بوو له‌ ڕووداوی سـاڵی 2006 دا 365 حاجی به‌هۆی به‌سه‌ر یه‌کتردا که‌وتن و پـێشـێلکردن گیانیان له‌ده‌سـتدابوو، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م کاره‌ پاڵی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سـعودی نا به‌م دوایی‌یانه‌ ئه‌و پـرده‌ به‌ شـێوازێـکی مودرن نۆژه‌ن بکه‌نه‌وه‌ له‌ پـێناو خۆشـکردنی تێپه‌ڕبوونی پـیادا و سه‌لامه‌تی حاجیـیه‌کان.

شـایانی باسه‌ 2.5 ملیۆن که‌س له‌ 160 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شـداری له‌ حه‌جکردنی ئه‌مسـاڵدا ده‌که‌ن.