سـکرتێری ناتۆ ده‌ڵێت هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریکا په‌یمانیان داوه‌ 5 هه‌زار سه‌ربازی زیاتر ڕه‌وانه‌ی ئه‌فغانسـتان بکه‌ن

سـکرتێری گشـتی ناتۆ ئه‌ندرێس فۆغ ڕاسموسن ده‌ڵێت وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ پـشـتیوانی له‌ سـتراتیژیـیه‌تی نوێی سه‌رۆک باراک ئۆباما بۆ ئه‌فغانسـتان ده‌که‌ن و په‌یمانیان داوه‌ به‌ لایه‌نی که‌م 5 هه‌زار سه‌ربازی دیکه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ به‌ شه‌ڕ وێرانبووه‌ بکه‌ن.

به‌پـرسی ناتۆ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ بـرۆکسل گوتی ده‌بێت هه‌موو وڵاتانی ناتۆ هه‌وڵی زیاتر بده‌ن له‌ شه‌ڕی دژی تاڵیبان و ئه‌لقاعیده‌ ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی ده‌یانه‌وێت ئه‌فغانسـتان ئارام و سه‌قامگیربێت.

هاوکات تاڵیبان ڕایگه‌یاند که‌وا ناردنی سه‌ربازی زیاتری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌فغانسـتان ته‌نها به‌رهه‌ڵـسـتیـیان زیاتر ده‌کات.

هه‌روه‌ها سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بان کی مون گوتی بڕیاری سه‌رۆک ئۆباما بۆ ڕه‌وانه‌کردنی 30 هه‌زار سه‌ربازی زیاتر بۆ ئه‌فغانســتان بڕیارێـکی زۆر قورسه‌ به‌ڵام پـێویسـته‌.

فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ له‌ ئه‌فغانسـتان جه‌نه‌ڕاڵ سـتانلی مه‌کـکرسـته‌ڵ گوتی ئاشـکرایی و وابه‌سـته‌یی و ڕژدی له‌ وتاره‌که‌ی سه‌رۆک ئۆباما به‌دی ده‌کرێت که‌ زۆر گرنگن بۆ له‌ناوبردنی ڕه‌گ و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و تێرۆریسـتانه‌ی بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایش و ئارامی هه‌رێمه‌که‌ و جیهان.