وڵاتانی جیهان دووشه‌ممه‌ له‌ کۆپنهاگن ده‌سـت به‌ کۆنفرانسی گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وا ده‌که‌ن

سبه‌ی دووشه‌ممه‌ وڵاتانی جیهان له‌ کۆپنهاگن پـێـکڕا بۆ 12 ڕۆژی له‌سه‌ر یه‌ک کۆده‌بنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌سـتی وتووێژکردن له‌سه‌ر به‌گژادچوونه‌وه‌ی گه‌رمی جیهانی.

192 ئه‌ندامی په‌یمانـنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وا له‌ ژێر فشـارێـکی به‌رده‌وام‌دان بۆ هێنانه‌ کایه‌ی ڕێـکه‌وتنێـک به‌ مه‌به‌سـتی کۆنتڕۆڵـکردنی گازه‌کانی ژینگه‌ ناسـازده‌که‌ن و پله‌ی گه‌رما به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌روه‌هاش فشـار بۆ ئه‌وه‌ی ڕێـک‌بکه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌ندێـک کۆمه‌کی وڵاتانی هه‌ژار بکه‌ن بۆ ته‌کنه‌لۆژیای وزه‌ی خاوێن.

به‌شـداربووان له‌م کۆنفرانسه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ په‌یمانـنامه‌یه‌کی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر که‌م‌کردنه‌وه‌ی ڕێـژه‌ی ئه‌و گازانه‌ی ژینگه‌ ناسازده‌که‌ن تا جێی په‌یمانـنامه‌که‌ی سـاڵی 1997 ی کیۆتۆ بگرێته‌وه‌ که‌ له‌ سـاڵی 2012 دا به‌سه‌ر ده‌چێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ش ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا خۆپـیشـاندانیان کردووه‌ تا له‌م کۆنفراسه‌دا بڕیاری گونجاو و ڕاسـته‌قینه‌ بدرێت.