عێراقیـیه‌کان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کان ڕێـک‌ده‌که‌ون

یاسادانه‌رانی عێراقی توانیان ده‌رنگانێـکی یه‌کشه‌ممه‌ به‌سه‌ر ناکۆکیـیه‌کانی نێوانیان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کان و دابه‌شـکردنی کورسـیـیه‌کانی په‌رله‌مانی داهاتووی وڵاته‌که‌یاندا زاڵببن و به‌ ڕێـکه‌وتنێـک بگه‌ن.

به‌پـێی دوایـین هه‌موارکردنی یاساکه‌ ژماره‌ی کورسـیـیه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 275 وه‌ ده‌بێت به‌ 325.

جێـگری سه‌رۆکی عێراق تاریق ئه‌لهاشمی ڕه‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موارکردنه‌ ده‌ربڕیوه‌ و گوتوویه‌تی وه‌ڵامی داخوازیـیه‌کانی خۆی تیایدا به‌دی ده‌کات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ کۆشـکی سـپی ڕاگه‌یاندنێـکی بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا پـیرۆزبایی له‌ گه‌ڵی عێراق و نوێنه‌ره‌کانی له‌ په‌رله‌مان کرد و به‌ سـاتێـکی گرنگی ناوبرد له‌ دیموکراسـیـیه‌تی عێراقدا.

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا هاتووه‌ هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رۆک باراک ئۆباما و جێـگره‌که‌ی جۆ بایدن ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ ته‌له‌فون قسه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتان مه‌سـعود بارزانی کردووه‌ و هه‌ردووکیان جه‌ختیان له‌سه‌ر وابه‌سـته‌یی ئه‌مه‌ریکا به‌ په‌یوه‌ندی دور و درێژی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق و له‌ نێویدا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردسـتانیش کردۆته‌وه.