ڕۆبه‌رت گه‌یتس سه‌ردانی هێزه‌ له‌شـکریـیه‌کان له‌ ئه‌فغانسـتان ده‌کات

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا ڕۆبه‌رت گه‌یتس سه‌ردانی فه‌رمانده‌ ئه‌مه‌ریکایی‌یه‌کانی له‌ ئه‌فغانسـتان کردووه‌

و دڵنیایان ده‌کات له‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ زیادانه‌ی سه‌رۆک باراک ئۆباما فه‌رمانی ڕه‌وانه‌کردنیانی بۆ ئه‌فغانسـتان داوه‌ پـێداویسـتی ته‌واویان بۆ دابین ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چاکی میلیشـیاکانی تاڵیبان بـبه‌زێنن.

ڕۆبه‌رت گه‌یتس ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی باره‌گای نوێی فه‌رمانده‌ی ئه‌مه‌ریکایی کرد، ئه‌و شـوێنه‌ی که‌ بنکه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌ له‌شـکریـیه‌ هاوبه‌شه‌کانی سه‌رجه‌م هێزه‌ جه‌نگاوه‌ریـیه‌کانی هاوپه‌یمانی ناتۆیه‌.

له‌ وته‌که‌یدا ڕۆبه‌رت گه‌یتس به‌ فه‌رمانده‌ له‌شـکریـیه‌کانی گوت هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان هه‌موو پـێداویسـتیـیه‌کانیان بۆ ئاماده‌ده‌کرێن له‌ پـێناو ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕکردنیان له‌ دژ ی توندڕه‌وانی سه‌رکێش له‌ ئه‌فغانسـتان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست‌بهێنن.

ئه‌وه‌ی شـایه‌نی باسه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌مڕۆی ڕۆبه‌رت گه‌یتسی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا دوابه‌دوای بڕیاری باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا دێت،‌ په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌وانه‌کردنی به‌ په‌له‌ی 30 هه‌زار سه‌ربازی دیکه‌ی ئه‌مه‌ریکایی بۆ ئه‌فغانسـتان و پاشـان دوای 18 مانگ ئه‌و هێزانه‌ ده‌ست به‌ کشـانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانسـتان ده‌که‌ن له‌و ده‌مه‌ی هێزه‌کانی ئه‌فغانی به‌رپـرسـیارێتی فره‌تر ده‌گرنه‌ ئه‌سـتۆ، به‌ڵام له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ حامد کارزای سه‌رۆکی ئه‌فغانی دوێنێ ڕایگه‌یاند ڕه‌نگه‌ 5 سـاڵی پـێبچێت به‌ر له‌وه‌ی هێزه‌ له‌شـکریـیه‌کان و هه‌روه‌ها پـۆلیسی ئه‌فغانی ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی بێ هاوکاری هێزی ده‌ره‌کی بتوانن به‌ گژ یاخیبووندا بچنه‌وه‌ و گوتیشی حکومه‌ته‌که‌ی پـێویسـتی به‌ 15 هه‌تا 20 سـاڵ هه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی بتوانێت بوجه‌ی پـێویست بۆ ئه‌رکی ئاسایشی وڵات دابین بکات.