ئێران موشه‌کێـکی مه‌ودا ناوه‌ند تاقی ده‌کاته‌وه‌

ئێران ده‌ڵێت جۆره‌ موشه‌کێـکی مه‌ودا ناوه‌ندی تاقی کردۆته‌وه‌ که‌ گۆڕانکاری باشی تیادا کردووه‌. ئه‌مه‌ریکاش له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌ڵێت ئه‌م کاره‌ی ئێران به‌ پـێـچه‌وانه‌ی ئه‌و قسـانه‌یه‌تی که‌ ده‌ڵێت ئه‌و نیاز باشی هه‌یه‌ و ئاشـتی‌خوازه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ته‌له‌فیزیۆنی حکومه‌تی ئێران ڤیدیۆی هه‌ڵـدانی موشه‌کی سجـجیل 2 ی په‌خش کرد که‌ مه‌وداکه‌ی نزیکه‌ی 2 هه‌زار کیلۆمه‌تره‌ و ده‌توانێت بگاته‌ ئیسرائیل و بنکه‌ له‌شـکریـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپادا.

گوته‌بێژێـکی کۆشـکی سـپی (مایک هه‌مه‌ر) گوتی ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌ زیاتر کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی هان ده‌دات به‌ره‌و ئه‌وه‌ی توندتر ڕووبه‌ڕووی ئێران بـبنه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی به‌رنامه‌ ناوه‌کیـیه‌که‌یدا.

کاربه‌ده‌سـتێـکی گه‌وره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاش گوتی هه‌فته‌ی داهاتوو نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ک له‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا و ڕووسیا و چین و فه‌ره‌نسـا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا پـێـکه‌وه‌ گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فونی سـازده‌که‌ن تا وتووێژ بکه‌ن له‌سه‌ر چۆنێتی وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست له‌ دژی ئێران، له‌وانه‌ سـزاکانی که‌ ده‌کرێن له‌ ڕێی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ به‌سه‌ریدا بیسه‌پـێنن.