دکتۆر مه‌حمود عوسـمان ده‌ڵێت ڕه‌تکردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌کانی سه‌ر بلاک‌واته‌ر ناڕه‌زایی زۆری لێـکه‌وتۆته‌وه‌

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو دادگایه‌کی فیدراڵی ئه‌مه‌ریکا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌ که‌ ئاڕاسته‌ی ژماره‌یه‌ک پاسه‌وانی کۆمپانیای بلاک‌واته‌ر کراون به‌وه‌ی له‌ مانگی نۆی سـاڵی 2007 دا 17 که‌سی سڤیلی عێراقیان له‌ ناوچه‌یه‌کی به‌غدادا به‌بێ پاسـاو کوشـتووه‌.

حکومه‌تی عێراقیش له‌ لای خۆیه‌وه‌ ڕۆژی هه‌ینی له‌سه‌ر زاری ده‌مڕاستی حکومه‌ت عه‌لی ده‌باغ ڕاگه‌یاندنێـکی بڵاوکرده‌وه‌ و ناڕه‌زایی و نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌م بڕیاری ئه‌و دادگایه‌ ده‌ربڕی.

دکتۆر مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان به‌ڵێن سـاڵح ده‌ڵێت ئه‌م بڕیاره‌ ناڕه‌زایی‌یه‌کی زۆری لێـکه‌وتۆته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکاش له‌ به‌غدا له‌سه‌ری ڕازی نـیـیه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 4:57 خوله‌كه‌.