ڤیدیۆیه‌ک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ هی ئه‌و که‌سه‌یه‌‌ که‌ ژماره‌یه‌ک کارمه‌ندی CIA له‌ ئه‌فغانسـتاندا کوشت

ڤیدیۆیه‌کی نوێ که‌ به‌م دوایـیانه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ نیشـان ده‌دات کابرایه‌ک که‌ ده‌ڵێن ئه‌و هێرشـبه‌ره‌ خۆکوژه‌یه‌ که‌ 7 کارمه‌ندی ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مه‌ریکایی له‌ ئه‌فغانسـتاندا کوشت په‌یمان ده‌دات تۆڵه‌ی مردنی ڕێبه‌ری تاڵیبانی پاکسـتانی به‌یتوڵڵا مه‌حسـود بکاته‌وه‌.

ئه‌و ڤیدیۆیه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی AAJ پاکسـتانی و که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی عه‌ره‌بیـیه‌وه‌ په‌خش‌کرا. له‌ ڤیدیۆکه‌دا نیشـان ده‌درێت کابرایه‌ک به‌ هومام خه‌لیل ئه‌بو مولال ئه‌لبه‌لاوی پـێناسه‌ ده‌کرێت جل‌وبه‌رگێـکی ڕه‌سه‌نی ئه‌فغانی پـۆشیـوه‌ و له‌ ته‌نیشت ڕێبه‌ری نوێی تاڵیبان له‌ پاکسـتان حیکمه‌توڵڵا مه‌حسـوده‌وه‌ دانیشـتووه‌.

ئه‌لبه‌لاوی خۆی به‌ ئوردنی له‌قه‌ڵه‌م‌ ده‌دات و ده‌ڵێت موخابه‌راتی ئوردنی و ئه‌مه‌ریکی په‌یمانی به‌ ملیۆنان دۆلاریان پـێدابوو تاوه‌کو سیخوڕی به‌سه‌ر تاڵیبانه‌وه‌ بکات، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت خۆی ڕۆیشـته‌ لای تاڵیبان و هه‌موو شـتێـکی پـێ‌گوتن، وه‌ گوتیشی هێرشه‌که‌ی ئه‌و یه‌کێـک ده‌بێت له‌ کۆمه‌ڵێـک هێرشی تر دژ به‌ ئامانجه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.

ڕاستی و دوروسـتی ئه‌و ڤیدیۆیه‌ تا ئێسـتا پـشـتڕاست نه‌کراوه‌.

شـایانی باسه‌ به‌لاوی له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ موخابه‌راتی ئه‌مه‌ریکا له‌ بنکه‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌رێمی خۆستی ئه‌فغانسـتان له‌ 30 ی مانگی دوازده‌ی ڕابردوودا خۆی ته‌قانده‌وه‌. له‌و هێرشه‌دا کارمه‌ندێـکی ده‌زگای موخابه‌راتی ئوردنیش گیانی له‌ده‌سـتدا.