یه‌مه‌ن ده‌ڵێت ڕێبه‌ری شانه‌یه‌کی ئه‌لقاعیده‌ له‌ باشوری وڵاته‌که‌یاندا کوژراوه‌

هێزه‌کانی ئاسایشی له‌ یه‌مه‌ن سه‌رۆکی شانه‌یه‌کی تۆڕی ئه‌لقاعیده‌یان له‌ پارێزگای شه‌بوه‌ی باشوری خۆرهه‌ڵاتی وڵات کوشـتووه‌ و هه‌روه‌ها 4 میلیشـیایان ده‌سـتگیرکردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ عه‌لی ئه‌حمه‌دی فه‌رمان‌ڕه‌وای پارێزگای شه‌بوه‌ گوتی هێزه‌کانی ئاسایشی یه‌مه‌نی له‌ میانه‌ی هه‌ڵمه‌تیان بۆ سه‌ر ماڵی ڕابه‌ری میلیشـیاکان کوشـتووه‌ و 4 ی دیکه‌شـیان ده‌سـتگیرکردووه‌.

هه‌ر له‌ هه‌مان پارێزگای شه‌بوه‌ هێزه‌کانی ئاسایشی ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ له‌ بۆسه‌یه‌کی که‌ناری جاده‌ 2 سه‌ربازی یه‌مه‌نی کوژراون.

ئه‌وه‌ی شـایه‌نی باسه‌ دوای ئه‌وه‌ی باڵی قاعیده‌ له‌ یه‌مه‌ن ڕایگه‌یاند ئه‌و ده‌سـتی له‌ هێرشه‌ سه‌رنه‌که‌وتووه‌که‌ی ڕۆژی کرسـمسدا هه‌بووه‌ که‌ مه‌به‌ستی ته‌قاندنه‌وه‌ی فڕۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵـگری ئه‌مه‌ریکایی بوو، له‌و ده‌مه‌وه‌ یه‌مه‌ن بۆته‌ پـێشه‌وای هه‌وڵه‌کان به‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی میلیشـیا ئیسلامیـیه‌کان له‌و وڵاته‌دا.

هه‌ر له‌و پـێناوه‌شـدا به‌ڕێوه‌به‌راتی سه‌رۆک ئۆباما به‌ڵێنی داوه‌ یارمه‌تی بۆ یه‌مه‌ن زیاد بکات وه‌ک هه‌وڵێـک بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی تێرۆریزم.

ئه‌مه‌ش له‌ ڕێـگه‌ی دابینکردنی پاره‌ی زیاتر بۆ یه‌مه‌ن و هه‌روه‌ها مه‌شـق و ڕاهێنان به‌ هێزه‌کانی ئاسایشی یه‌مه‌نی.