چین ده‌ڵێت مه‌سه‌له‌که‌ی گوگڵ کار ناکاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیـیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا

چین ده‌ڵێت بازرگانی و په‌یوه‌ندی ئابوری وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا ناگۆڕێت سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی کۆمپانیای ئنته‌رنێتی گوگڵی بنکه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا که‌ ده‌ڵێت له‌ پاش هێرشێکی ئنته‌رنێتی بڕیاری داوه‌ خزمه‌تگوزاریـیه‌کانی له‌ چین نه‌هێڵێت.

وه‌زیری بازرگانی چین ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ میانه‌ی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا له‌ په‌کین ئه‌م به‌ڵێنه‌ی دا.

گوگڵ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕایگه‌یاند ئه‌و چی تر خزمه‌تگوزاریـیه‌کانی له‌ چین ناهێڵێت. ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی هێرشێکی ئاشکراکرد که‌ کردبوویانه‌ سه‌ر ئیمه‌یڵه‌کانی خه‌باتکارانی مافه‌کانی مرۆڤی چین.

کاربه‌ده‌ستانی چین له‌ ڕۆژی پـێجشه‌ممه‌دا ڕایانگه‌یاند یاساکانی وڵاته‌که‌ هێرشی ئنته‌رنێتی قه‌ده‌غه‌کردووه‌ و ئنته‌رنێتیان کراوه‌یه‌. به‌ڵام گوتیشیان کۆمپانیا بیانیـیه‌کان پێویسته‌ مه‌رجه‌کانی حکومه‌ت به‌جێ بگه‌یه‌نن.