جۆرج میچڵ ده‌ست به‌ هه‌وڵێـکی نوێی ئاشتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسـتدا ده‌کات

جۆرج میچڵ نێردراوی تایبه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گاته‌ ناوچه‌که‌، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی ده‌سـتپـێکردنه‌وه‌ی دانوسـتاندنه‌کانی ئاشـتی. هاوکات سه‌رۆک وه‌زیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو گاڵته‌ی به‌ فه‌ڵه‌سـتینیـیه‌کان کرد له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ پـێشـه‌کیـیانه‌ی بۆ ده‌سـتپـێـکردنه‌وه‌ی دانوسـتاندنه‌کان دایده‌نێن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریکا ڕۆبه‌رت بێـرگه‌ر له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوکارمان سـمکۆ عه‌زیز به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌.

جۆرج میچڵی نێردراوی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ جیا له‌گه‌ڵ ڕابه‌رانی ئیسرائیلی و فه‌ڵه‌ستینی وا کۆده‌بێته‌وه‌، وه‌ک هه‌و‌ڵێک بۆ وه‌گه‌رخستنه‌وه‌ی وتوویژه‌ چه‌قیوه‌کانی ئاشتی خۆرهه‌ڵاتی ناوراست. فه‌ڵه‌ستینیه‌کان گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر مێزی دانوستاندن ڕه‌تکردۆ‌ته‌وه‌، تا ئه‌و کاته‌ی ئیسرائیل به‌ ته‌واوی بنیاتنانی خانووبه‌ره‌ی جو‌له‌که‌ نشین ڕاده‌گرێت.هه‌روه‌ها فه‌ڵه‌ستینیه‌کان پێشنیازی ئیسرائیلیان بۆ ڕاگرتنی نیمچه‌یی له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕه‌تکردۆته‌وه‌. له‌و ده‌مه‌ی میچڵ گه‌یشته‌ هه‌رێمه‌که‌، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو به‌هۆی مه‌رجه‌ نابه‌جێکانیان گاڵته‌ی به‌ فه‌له‌ستینیه‌کان کرد:

ئیسرائیل هه‌و‌ڵی داوه‌ که‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌کان ڕاکێشێته‌ ژێر سایه‌ی وتووێژ، فه‌ڵه‌ستینیه‌کان به‌رز فڕیون و ده‌ستبه‌ردار نابن. خه‌ڵکان ده‌یانه‌وێت له‌ به‌رز فرینه‌ بێنه‌ خواره‌وه‌ و ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام تا داوای هاتنه‌ خواره‌وه‌یان لێ بکرێت، فه‌ڵه‌ستینیه‌کان به‌رزتر ده‌فڕن.

ناتانیاهو ئه‌ویش مه‌رجی نوێی توندی خۆی دیاری‌کرد و‌ ده‌ڵێت به‌ گوێره‌ی هه‌ر سه‌ودایه‌کی ئاشتی ده‌بێت ئیسرائیل له‌شکری خۆی له‌ که‌ناری خۆرئاوا له‌گه‌ڵ سنووری ئه‌رده‌ندا بهێڵێته‌وه‌. گوتی ئه‌م کاره‌ پێویست بوو بۆ رێگرتن له‌ میلیشیا فه‌ڵه‌ستینیه‌کان موشه‌ک نه‌گرنه‌ ئۆرشه‌لیم و هه‌روه‌ها فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ی ئیسرائیل.

رێگه‌یه‌ك ‌‌هه‌یه‌ ‌که‌ کاریگه‌رانه‌ به‌ربه‌ستکردنی به‌ قاچاخ‌بردنی موشه‌ک و چه‌کی دیکه‌ی پێ‌بکرێت. له‌ حاڵه‌تی یه‌کلاکردنه‌وه‌ له ئاینده‌دا‌ له‌گه‌ڵ فه‌ڵه‌ستینیه‌کاندا ئه‌و کاره‌ پێویستی به‌ هه‌بوونی ئیسرائیل له‌ که‌رتی خۆرهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی چاوه‌ڕوانکراوی فه‌ڵه‌ستینی هه‌یه‌.

له‌ دیمانه‌که‌یدا له‌گه‌ل ڕادیۆیی ئیسرائیلی سائیب عرێقاتی به‌رپرسی دانوستاندنه‌کانی فه‌ڵه‌ستینی داواکاریه‌که‌ی ڕاشکاوانه‌ ڕه‌تکرده‌وه‌:

سه‌د ده‌ر سه‌د ئه‌وه‌ قبوڵ نیـیه‌، سه‌د ده‌ر سه‌د ئه‌وه‌ قبوڵ نیـیه‌، سه‌د ده‌ر سه‌د ئه‌وه‌ قبوڵ ناکرێت، سنووری ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی ئه‌رده‌ن ده‌بێت و دۆڵی ئه‌ر‌ده‌ن هی خۆمانه‌ ، واته‌ خاکی فه‌ڵه‌ستینه‌. جا ئێستاکه‌ ئایا بۆچی ئیسرائیلیه‌کان پێ له‌سه‌ر هه‌بوونیان له‌سه‌ر خاکی ئێمه‌ داده‌گرن.

ئه‌مه‌ 11 هه‌مین گه‌شتی ئه‌رکی ئاشتیه‌ ، له‌و ده‌مه‌وه‌ی سه‌رۆک باراک ئۆباما ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر پۆستی گرته‌ ده‌ست،به‌ڵام نێردراوی ئه‌مریکا له‌ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌کان سه‌رکه‌وتنێکی که‌می به‌ده‌ست هێناوه‌.