به‌ریتانیا ئاسـتی هۆشـداری له‌ به‌رامبه‌ر شیانی هێرشی تێرۆریستی به‌رزده‌کاته‌وه‌

حکومه‌تی به‌ریتانیا هۆشـداری شیانی هێرشی تێرۆریسـتی له‌ وڵاته‌که‌یادا زیادکردووه‌.

وه‌زیری ناوخۆ ئاڵه‌ن جۆنسن دوێنێ هه‌ینی ڕایگه‌یاند که‌ زیادکردنی ئاسـتی هۆشـداری ئاسایشی مانای ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵـکی وریا ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام گوتیشی حکومه‌ت هیچ زانیاریـیه‌کی هێرشێـکی ده‌سـتبه‌جێی پـێـنه‌گه‌یشـتووه‌.

کاربه‌ده‌سـتان به‌ به‌رده‌وامی نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری ڕوودانی هێرشێـکی تێرۆریسـتی ده‌رده‌بڕن له‌ پاش هێرشه‌ سه‌رنه‌کوتووه‌که‌ی ڕۆژی کرسـمس ئه‌وه‌ی‌ کرایه‌ سه‌ر فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکی که‌ له‌ ئه‌مسـتردامه‌وه‌ به‌ره‌و دیترۆیت ده‌فڕی.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌سـایه‌تیـیه‌ باڵاکانی جیهان، له‌ ناویاندا سه‌رۆکی ئه‌فغانسـتان حامید کارزایی و سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بان کی مون و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێله‌ری کلنتن خۆیان ئاماده‌ ده‌که‌ن له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا دوو کۆنفرانسی سه‌ره‌کی له‌ له‌نده‌ن سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی ئه‌فغانسـتان و تێرۆریزم له‌ یه‌مه‌ن ئه‌نجام‌بده‌ن.

ڕاپـۆرته‌ ئاسـایشیـیه‌کان ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌ هۆشـداری نوێی زیادبوونی چالاکی ئه‌لقاعیده‌ له‌ یه‌مه‌ن کاریگه‌ری ڕه‌نگه‌ هه‌بێت به‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاسـتی هۆشـداری ئاسایشی له‌ له‌نده‌ن.

له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا هیندسـتانیش ئاسـتی هۆشـداری ئاسایشی له‌ هه‌موو فڕۆکه‌خانه‌کانی به‌رزکرده‌وه‌، دوابه‌دوای ڕاپـۆرته‌کانی ده‌زگای زانیاری له‌سه‌ر شـیانی هه‌وڵی ڕفاندنی فڕۆکه‌یه‌ک.