چین ده‌ڵێت ئاڵوگۆڕه‌ له‌شـکریـیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا ڕاده‌گرێت

ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ده‌ڵێن چین ئاڵوگۆڕه‌‌ له‌شـکریـیه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ڕاگرتووه‌ و سـزا به‌سه‌ر ئه‌و کۆمپانیایانه‌دا ده‌سه‌پـێنێت که‌ چه‌ک به‌ تایوان ده‌فرۆشن.

ئه‌م کاردانه‌وه‌ی چین پاش ئه‌وه‌ هات که‌ واشنتن ڕایگه‌یاند نیازی هه‌یه‌ به‌ به‌های 6 ملیار دۆلار ئامێر و که‌ل‌وپه‌لی له‌شـکری به‌ تایوان بفرۆشیت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی شـینوای فه‌رمی چین ڕاگه‌یاندنێـکی توندئامێزی وه‌زاره‌تی بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا گوتوویه‌تی حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ودای چه‌که‌ هه‌موو سه‌ردانه‌ له‌شـکریـیه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی ڕاگرتووه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چینیش گوتی وڵاته‌که‌ی سـزا ده‌سه‌پـێنێته‌ سه‌ر ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی به‌شـداری ده‌که‌ن له‌ فرۆشـتنی ئه‌و چه‌کانه‌ به‌ تایوان.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ ڕۆژی هه‌ینی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا کۆنگرسی وڵاته‌که‌ی ئاگادارکرده‌وه‌ له‌ نه‌خشه‌یه‌ک بۆ فرۆشـتنی 60 هه‌لیکۆپـته‌ری جۆری بلاک هۆک و موشه‌کی پاتریۆت و ئامێری ڕادار و په‌یوه‌ندی به‌ تایوان. به‌ڵام فرۆشـتنی فڕۆکه‌ی F-16 ی تێدا نیـیه‌ ئه‌وه‌ی تایوان ده‌یه‌وێت.