ژنێـکی خۆکوژ له‌ عێراق 41 که‌س ده‌کوژێت

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌ی باب ئه‌لشـامی باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدای پایته‌خت‌ ژنێـکی خۆکوژ به‌ پـشـتێـنێـکی بۆمبڕێژکراو خۆی له‌ نێو ئاپـۆڕه‌ی کۆمه‌ڵێـک شیعه‌ ئاینزادا ته‌قانده‌وه‌ که‌ به‌ره‌و شـاری که‌ربه‌لای باشوری عێراق که‌وتبوونه‌ ڕێ تا له‌ ڕێوڕه‌سـمی سـاڵانه‌ی چله‌ی ئیمام حسێندا به‌شـداری بکه‌ن.

ئاماره‌ سه‌ره‌تایـیه‌کان ئاماژه‌یان به‌ کوژرانی 16 که‌س و برینداربوونی 38 که‌س ده‌کرد، به‌ڵام به‌پـێی دواترین هه‌واڵ ژماره‌ی کوژراوه‌کان گه‌یشـتۆته‌ 41 که‌س و برینداره‌کانیش زیاتر له‌ 100 که‌س.

هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌کانی پـۆلیسی عێراق و ئاسایش به‌ شه‌قامه‌کاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و خاڵی پـشـکنینیان داناوه‌، وه‌لێ ئه‌و ژنه‌ خۆکوژه‌ توانیویه‌تی هێرشه‌که‌ی خۆی ئه‌نجام‌بدات.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ ڕۆژی هه‌ینی داهاتوو ڕێوڕه‌سـمه‌کانی سـاڵیادی چله‌ی ئیمام حسێن له‌ شـاری که‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆوه‌ به‌ هه‌زاره‌ها له‌ شیعه‌ ئاینزاکان به‌ره‌و ئه‌و شـاره‌ به‌ پـیاده‌ که‌وتوونه‌ته‌ ڕێ.

هاوکات حکومه‌تی عێراقیش زیاتر له‌ 20 هه‌زار سه‌رباز و پـۆلیسی بۆ پاراسـتنی باری ئاسایش له‌ ڕێـگه‌ و بانه‌کاندا بڵاوکردۆته‌وه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتووشـدا چاودێری ئاسـمانیش چڕتر ده‌کرێن.