باراک ئۆباما و جۆ بایدن له‌گه‌ڵ تاریق ئه‌لهاشمی کۆده‌بنه‌وه

باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا و جۆ بایدنی جێـگری وتووێژیان له‌گه‌ڵ تاریق ئه‌لهاشمی جێـگری سه‌رۆکی عێراق کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وه‌ی بڕیاره‌ مانگی داهاتوو سـازبدرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ کۆشـکی سـپی ئه‌مه‌ریکایی ده‌ڵێت هه‌رسێـکیان دوێنێ له‌ واشنتن وتووێژیان له‌سه‌ر گرنگی سـازدانی هه‌ڵبژاردنێـکی شه‌فاف و هه‌روه‌ها به‌شـداریـیه‌کی به‌رین کرد.

ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی کۆشـکی سـپی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات هه‌رسێـکیان باسـیان له‌ گه‌شه‌ی ئابوری له‌ عێراق کرد.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ عێراق دوچاری مشـتومڕی سـیاسی بووه‌. پـتر له‌ 500 پاڵێوراو به‌شـداریکردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕۆژی 7 ی مانگی داهاتوو لێ‌قه‌ده‌غه‌کراوه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ندیـیان به‌ حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌کراوی سه‌دام حسێنی دیکتاتۆری عێراقی له‌سێداره‌دراو.

له‌ ده‌می قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و پاڵێوراوانه‌وه‌ سووننه‌کان حکومه‌تی زۆرینه‌ شیعه‌ی عێراقیـیان به‌ هه‌وڵی به‌ لاوه‌ نانی سـیاسه‌تمه‌دارانی سووننه‌ تۆمه‌تبارکردووه‌.

ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه‌ تاریق ئه‌لهاشمی جێـگری سه‌رۆکی عێراق که‌ له‌ واشنتن میوانه‌ که‌سـایه‌تیـیه‌کی سووننه‌ ئاینزایه‌.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ دوێنێ باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا بۆ عێراق کرسـتۆفه‌ر هێڵ گوتی سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی چاوه‌ڕوان‌کراوی عێراقدا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر به‌ند ده‌بێت له‌سه‌ر په‌سه‌ندکردنی ده‌رئه‌نجامه‌کانی له‌ لایه‌ن لایه‌نی دۆڕاوه‌وه‌.