دکتۆر کرمانج گوندی باس له‌ هۆکاری پـشـتیوانیکردنی KNC له‌ دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم ده‌کات

دکتۆر کرمانج گوندی سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باکوری ئه‌مه‌ریکا له‌ گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان جانی دیلان ده‌ڵێت دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم جێ به‌نجه‌ی دیاره‌ به‌سه‌ر لۆبی کوردی له‌ ئه‌مه‌ریکا و ڕۆڵێـکی ئێجگار چالاکی بینیوه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دروسـتکردن له‌گه‌ڵ سیاسیـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا و ئاگادارکردنه‌وه‌یان له‌ دۆزی پـڕ مه‌ینه‌تی خه‌ڵـکی کوردسـتان و هه‌روه‌ها ڕۆڵێـکی سه‌ره‌کی بینیوه‌ له‌ دامه‌زراندنی به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا که‌ ئێسـتا خه‌ڵـکی کوردسـتان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ش گوێبیسـتین. هه‌روه‌ها چالاکترین سه‌رۆکی KNC بووه‌.

دکتۆر کرمانج ده‌ڵێت بۆیه‌ من پـێم‌وایه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقیش ڕۆڵێـکی ئێجگار گرنگ و به‌رچاو ده‌بینێت، چونکه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ بۆ پـله‌ و پایه‌ و سـامان نه‌چۆته‌وه‌، به‌ڵکو باشترین و خۆشـترین و ئاسووده‌ترین ژیانی خۆی له‌ ئه‌مه‌ریکا جێهێشـتووه‌ و چۆته‌وه‌ تا به‌شـداری له‌و پـرۆسه‌یه‌دا بکات و‌ ده‌نگێـکی زوڵاڵتر و به‌هێزتر بداته‌ که‌رکوک له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 12:46 خوله‌كه‌.