له‌سه‌ر ئه‌فغانسـتان حکومه‌تی هۆڵه‌ندا هه‌ره‌سی هێنا

سه‌رۆک وه‌زیری هۆڵه‌ندا ده‌ڵێت هاوپه‌یمانێتی حکومه‌تی هۆڵه‌ندا له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕووخا له‌ کاتێـکدا دوو پارتی گه‌وره‌ نه‌گه‌یشتن به‌ ڕێـکه‌وتن له‌سه‌ر کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کان له‌ ئه‌مسـاڵدا له‌ ئه‌فغانسـتان.

سه‌رۆک وه‌زیری یه‌ن پـیته‌ر باڵکێنێنده‌ سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند دووه‌م پارتی مه‌زن له‌ هاوپه‌یمانێتیـیه‌که‌ ده‌سـتیان کشـانۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی جیاوازیـیه‌کانیان یه‌کلابکه‌ن و بڕیار بده‌ن چالاکی هێزه‌کانی هۆڵه‌ندا له‌ ئه‌فغانسـتان په‌ره‌پـێبده‌ن یان نا.

پارتی ڕاسـتڕه‌وی کرسـتیان دیموکراتی ڕێزدار باڵکێنێنده‌ که‌ به‌شـێـکی گه‌وره‌تری هاوپه‌یمانێتیـیه‌که‌یه‌ پـێشـنیازی ئه‌وه‌ی کرد که‌ پاش دوا مۆڵه‌تی مانگی هه‌شتی سـاڵی 2010 ش به‌ ڕێژه‌یه‌کی که‌م هه‌ر له‌ ئه‌فغانسـتان بـمێنـنه‌وه‌، به‌ڵام پارتی کاری جێـگری سه‌رۆک وه‌زیر واوته‌ر بۆس ده‌یانویست به‌ ته‌واوه‌تی کۆتایی به‌ ئه‌رکی ئه‌فغانسـتان بهێنن له‌ کاتی دیاریکراودا. ئه‌و دوو بیرۆکه‌ جیاوازه‌ چه‌ندین کاتژمێری وتووێژی له‌ لاهای لێـکه‌وته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ باڵکێنێنده‌ سێ سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست.