ڕۆژێـک به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک شـاری نه‌جه‌ف ده‌هه‌ژێنێت

<!-- IMAGE -->

کاربه‌ده‌سـتانی عێراقی ده‌ڵێن له‌ ئاکامی ئۆتۆمبێل ته‌قاندنه‌وه‌یه‌ک له‌ شـاری نه‌جه‌ف واته‌‌ شـاری پـیرۆزی شیعه‌ ئاینزاکان به‌ لانی که‌م 4 که‌س کوژراون.

ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ یه‌ک ڕۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵـبژاردنی گشـتی عێراقه‌ و به‌ لانی که‌م 50 که‌سیش برینداربوون و ته‌قینه‌وه‌که‌ له‌ نزیک مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌لی‌یه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌ زۆری خاوه‌ن بڕوایانی شیعه‌ی ئێرانی و عێراقی سه‌ردانی ده‌که‌ن.

ئه‌و سێ که‌سه‌ی کوژراون دووانیان ئێرانین و یه‌کێکیشـیان عێراقیـیه‌.

ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ش له‌ ئاکامی ژماره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ له‌ نزیک بنکه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت به‌ لانی که‌م 15 که‌س کوژراون.

هه‌رچه‌نده‌ باری ئاسایشی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی سبه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ توندی گیراوه‌، به‌ڵام هێرشه‌کان به‌رده‌وامن.

ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق که‌ ڕێـکخراوێـکی سه‌ر به‌ تۆڕه‌ تێرۆرکاریـیه‌که‌ی ئه‌لقاعیده‌یه‌ له‌ بڵاوکراویه‌کیدا له‌سه‌ر یه‌کێـک له‌ ماڵپه‌ڕه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ سـووننه‌کان کردووه‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ بچن به‌ره‌و بنکه‌کانی ده‌نگدان، وه‌ نووسیویه‌تی به‌شـداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی په‌رله‌ماندا ته‌نها زۆرترایه‌تی شیعه‌کانی عێراق به‌هێز ده‌کات.

ڕێبه‌رانی ئاینی عێراقی داوایان له‌ لایه‌نگرانیان کردووه‌ به‌شـداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بکه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێـکیشـیان گوتوویانه‌ ده‌نگدان ئه‌رکێـکی ئاینیـیه‌.