ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریکا بڕیارێـکی مێژوویی بۆ چاکسـازی له‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتیدا ده‌دات

<!-- IMAGE -->

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریکا به‌رنووسێـکی په‌سه‌ندکرد بۆ چاکسـازیـیه‌کی ته‌واو له‌ سیسـتمی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتی له‌ وڵاته‌که‌دا.

به‌رنووسه‌که‌ له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی دیموکراته‌کانه‌وه‌ پـه‌سه‌ندکرا و ئه‌وه‌ش بۆخۆی سه‌رکه‌وتنێـکی گه‌وره‌یه‌ که‌ بۆ‌ سه‌رۆک باراک ئۆباما تۆمارده‌کرێت له‌ به‌دی‌هێنانی یه‌ک له‌ گرنگترین ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ گه‌لی ئه‌مه‌ریکای دابوو.

شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ 219 به‌رامبه‌ر به‌ 212 ده‌نگ ئه‌م به‌رنووسه‌ی په‌سه‌ندکرد‌ که‌ پـێشـتر ئه‌نجومه‌نی سینات ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ربڕیبوو.

کۆماریـیه‌کان که‌ که‌مینه‌ن له‌ ئه‌نجومه‌نه‌که‌دا هه‌ر هه‌موویان له‌ دژی به‌رنووسه‌که‌ ده‌نگیان دا. هه‌روه‌ها 34 دیموکراتیش ئه‌وانیش به‌ نه‌رێ ده‌نگیان دا. به‌رنووسه‌ ته‌نها پـێویستی به‌ ده‌نگی 216 نوێنه‌ر هه‌بوو تا په‌سه‌ندبکرێت.

<!-- IMAGE -->

لایه‌نگرانی به‌رنووسه‌که‌ ده‌ڵێن ئه‌م یاسای چاکسـازیـیه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی 32 ملیۆن ئه‌مه‌ریکی بیمه‌ی ته‌ندروسـیان هه‌بێت که‌ ئێسـتا نیانه‌. ئه‌وانه‌شی له‌ دژین ده‌ڵێن ئه‌مه‌ وا ده‌کات خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی پاره‌ و پـولی زیاتری بوێت و هه‌روه‌ها زیادبوونی ده‌سـتێوه‌ردانی حکومه‌ت له‌ بڕیاره‌کانی په‌یوه‌ست به‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتی.

پاش په‌سه‌ندکرنی به‌رنووسه‌که‌ سه‌رۆک ئۆباما له‌ کۆشـکی سـپی گوته‌یه‌کی پـێشـکه‌ش کرد و تیایدا سـوپاسی هه‌موو ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی کرد که‌ ده‌نگیان بۆ به‌رنووسه‌که‌ دا و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی له‌ پـێناویدا کاریان کرد.