سه‌رۆكی ئێرانی و ئه‌ندامانی شورانی نیگاهبان سه‌بارەت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ جۆرە ڕێكه‌وتنێك - 2004-01-31

به پێی ئاژانسێكی هه‌واڵی رەسمی حكومه‌تی ئێرانی سه‌رۆك موحه‌ممه‌د خاته‌می ریفۆرمخواز، ئه‌مڕۆ شه‌ممه گوتویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی شورای نیگاهباندا نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ جۆرە ڕێكه‌وتنێك.

وەزیری ناوخۆی ئێرانی كه‌ به‌رپرسی كاروبارەكانی دەنگدانه‌ و كه‌ خۆشی ریفۆرمخوازە گوتویه‌تی: هه‌لومه‌رجی ڕێكخستنی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و ڕەوا له‌م كاته‌دا مه‌حاڵه‌ و پێشبینی ناكات ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی داهاتوو باوەڕپێكراوبێت.

له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا، ئه‌نجومه‌نی شورای نیگاهبان ته‌نها ڕێگه‌یدا به‌ به‌شداربوونی نزیكه‌ی سێیه‌كی 3600 پاڵێوراوی ریفۆرمخواز كه‌ پێشتر قه‌دەغه‌كرابوون له‌وەی به‌شداری هه‌ڵبژاردن‌‌كانی په‌رله‌مانی 20 ی مانگی 2 ی داهاتوو بكه‌ن.

به‌ دەیان كاربه‌دەستی باڵای حكومه‌تی ئێرانیش په‌یمانیان داوە به‌وەی كه‌ واز له‌ كاربهێنن و به‌شی زۆری ریفۆرمخوازەكان داوا دەكه‌ن ئه‌و دەنگدانه‌ ئه‌نجام نه‌درێت.

سه‌رۆك خاته‌میش پلانی داناوە كۆبوونه‌وەیه‌كی ته‌نگه‌تاوی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كابنه‌تی حكومه‌ته‌كه‌یدا ببه‌ستێت تاوەكو بڕیاربدەن له‌سه‌ر هه‌نگاوی داهاتوویان.