سوریا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌نگاو ده‌نێت بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له‌ لوبنان - 2005-02-21

سه‌رۆكی كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌ڵێت سوریا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌نگاو ده‌نێت بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له‌ لوبنان.

سه‌رۆكی كۆمكاری عه‌ره‌بی عه‌مر موسا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سوریا به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د له‌ دیمه‌شق ئه‌م تێبینیانه‌ی دابوو.

به‌ڕێز موسا ده‌ڵێت سه‌رۆكی سوری چه‌ند جارێك جه‌ختی كردۆته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنی تایفی ساڵی 1989 و كشانه‌وه‌ی 14000 سه‌ربازی ووڵاته‌كه‌ی له لوبنان.

به‌ پێی ڕێكه‌وتنامه‌ی تایف كه‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان هێنا، سوریا به‌ڵێنی دا به‌ گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی سوریا له‌ دۆڵی به‌‌قعی لوبنان و پاشدا دوای ئه‌نجامدانی ووتوێژه‌كان به‌ ته‌واوه‌ی بكشێنه‌وه‌.

به‌ڕێز موسا له‌ كاتێكدا ئه‌م تێبینیانه‌ی دا كه‌ به‌ هه‌زاره‌ها كه‌س له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌یروت خۆپیشاندانیان ساز ده‌كرد و داوای كشانه‌وه‌ی سه‌ربازی سورییان له‌ لوبنان ده‌كرد و داوای وازهێنانی ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌یان ده‌كرد كه‌ حكومه‌تی سوری پشتگیریان لێده‌كات.

جێی باسه‌، ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ك پاش كوشتنی سه‌رۆك وه‌زیری پێشووی لوبنانی ره‌فیق ئه‌لحه‌ریری و 14 كه‌سی دیكه‌ كوژرا.