له شاری بۆستنی ویلایه‌تی مه‌سه‌چوستس پرسه‌ی سیناتۆر که‌نه‌دی گێڕا

له‌ شاری بۆستنی ویلایه‌تی مه‌سه‌چوستس و له ڕێوڕه‌سمێکی به‌کۆمه‌ڵی کاسۆلیکه‌ رۆمانی‌یه‌کان پرسه‌ی‌ ڕێزلێنان له ژیانی سیناتۆر ئێدوارد "تێد" که‌نه‌دی گێڕا. سه‌رۆکی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، باراک ئۆباما له میانه‌ی ڕێوڕه‌سمی پرسه‌که‌دا ستایشی ژیانی به‌ڕێز که‌نه‌دی کرد وه‌ک مامۆستایه‌ك و هاوڕێیه‌ک که‌ هه‌رده‌م یارمه‌تی خه‌ڵکی داوه‌ و به‌رامبه‌ر خێزانه‌که‌یی و هاوڕێکانی و چه‌ندین خه‌ڵلکانی تر دڵنه‌رم بووه‌.

سه‌رۆک ئۆباما له میانه‌ی ووتاره‌که‌یدا ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی که‌ ئێدوارد که‌نه‌دی نۆهه‌مین منداڵی خێزانه‌که‌ی بوو و دوای کوشتنی دوو براکه‌ی سه‌رۆکی پێشوو جان ئێف که‌نه‌دی و سیناتۆر رۆبه‌رت که‌نه‌دی چاوه‌ڕوانی کاری زۆری لێده‌کرا، به‌ڵام ئه‌م زۆر زیاتری کرد وه‌ک له‌وه‌ی پێشبینی لێده‌کرا .

سه‌رۆک ئۆباما گوتی" ئێمه‌ ئه‌مڕۆکه‌ خواحافیزی له پچووکترین مناڵی خانم رۆز و به‌ڕێز جۆزێف که‌نه‌دی ده‌که‌ین. جیهان بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر درێژ یادی ژیانی پڕ له‌ ئه‌زموونی کوڕه‌که‌ی خۆیان ئێدوارد ده‌که‌نه‌وه، قاره‌مانی ئه‌و خێزانانه‌ بوو که کوڕییان نه‌بوو، ڕۆحی پارتی دیموکراته‌کان بوو، هه‌روه‌ها شێره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی سینات بوو، ئه‌و که‌سه‌یه‌ که ناوی له‌سه‌ر نزیکه‌ی هه‌زار یاسا هه‌یه و به‌ ده‌ستی خۆی زیاتر له 300 یاسای داڕشتووه‌."

خێزانی که‌نه‌دییه‌کان زۆرجار وه‌ک خێزانێکی پادشایی وه‌سف ده‌کرێن و هه‌ربۆیه‌ زۆر له‌ که‌سایه‌تی‌یه‌ ناوداره‌کانی واشنتۆن به‌‌شداری پرسه‌که‌یان کرد. هه‌روه‌ها سه‌رۆکه‌کانی پێشوو جیمی کارته‌ر و بیڵ کلینتۆن و جۆرج ده‌بلیو بوش شان به‌ شانی هاوسه‌ره‌کانیان و زیاتر له 60 سیناتۆری ئێستا و پێشووی ئه‌نجومه‌نی سینات ئاماده‌ی پرسه‌که‌ بوون.

جێی باسه‌ سیناتۆر که‌نه‌دی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا له ئاکامی شێرپه‌نجه‌ی ده‌ماع گیانی له‌ده‌ستدا. سیناتۆر که‌نه‌دی ناسراو بوو به‌وه‌ی هه‌ڵوێستی لیبراڵانه‌ی هه‌بوو و هه‌رئه‌وه‌ش زۆرجار دووجاری پێکدادانی ده‌کرد له‌گه‌ڵ یاسادانه‌‌ره‌ پارێزه‌ره‌کاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رده‌م هه‌وڵی سازشکردنی مه‌سه‌له‌کانی ده‌کرد و یارمه‌تی داڕشتن و ده‌رچوونی یاساکانی ده‌‌دا. سیناتۆر که‌نه‌دی سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ له خێزانێکی کاسۆلیکی و به‌ڕه‌گه‌ز ئایریشی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ هاتبوو، هه‌رده‌م حه‌زی به‌ یارمه‌تیدانی خه‌ڵکانی هه‌ژار و که‌م ئه‌ندامان ده‌کرد هه‌روه‌ک چۆن سه‌رۆک ئۆباما له‌ ووتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی پێدا.