بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن بەهۆی پێکدادانی دوو پاس لەگەڵ تانکەرێکی سوتەمەنی و بارهەڵگرێک لەسەر شاڕێیەکی سەرەکی سەرانسەری ناوەڕاستی ئەفغانستان لانیکەم 52 کەس گیانییان لە دەستداوە و 68 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و کلتوری پارێزگاکە حەمیدوڵا نیسار وتی ڕووداوەکان لە پارێزگای غەزنی ڕوویانداوە لەسەر هەمان شەقامی خێرای نێوان کابوڵ و شاری قەندەهاری باشووردا. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا لە هەر ڕووداوێکییاندا چەند کەس گیانییان لە دەستداوە و بریندار بوون.
نیسار لە دەرەوەی نەخۆشخانەی گازنی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەرێک هەیە ژمارەکە زیاد بکات."
وتیشی هەندێک لە بریندارەکان " لە دۆخێکی خراپدان " و ڕەوانەی کابوڵ کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر. وتیشی منداڵ و ژن و بەساڵاچووش لە نێو ئەوانەدا بوون کە گیانییان لە دەستداوە.
نیسار وتی پاسێکیان و تانکەرێکی سوتەمەنی لە نزیک گوندی شەهبازی غەزنی ناوەڕاستی ئەفغانستان خۆیان کێشاوە بە یەکتردا، هاوکات پاسەکەی تر لە بارهەڵگرێکی داوە لە ناوچەی ئەنداری ڕۆژهەڵات.
وتەبێژی حکومەتەکەی تاڵیبانی ئەفغانستان زەبیحوڵا موجاهید وتی بەرپرسان " بە داخەوەن " لەسەر ڕووداوەکان و لێکۆڵینەوەش دەکرێت.
ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ئەفغانستان شتێکی باون، بەشێکی هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی شەقامەکان دوای دەیان ساڵ لە جەنگ و شۆفێریکردن بە شێوەیەکی مەترسیدار لەسەر شەقامە خێراکان و نەبوونی یاسا.
لە مانگی سێدا لە هێڵماندی باشووری ئەفغانستان زیاتر لە 20 کەس گیانییان لە دەستدا و 38 کەسی دیکە بریندار بوون کاتێک پاسێک و تانکەرێکی سوتەمەنی خۆیان بە یەکتردا کێشا و گڕییان گرت.
ڕووداوێکی دیکەی هاتووچۆی پەیوەست بە تانکەرەکانەوە لە مانگی دوانزەی ساڵی 2022 دا لە سالانگ پاسی ئەفغانستان ڕوویدا کاتێک ئوتومبێلێک وەرگەڕا و گڕی گرت و بەهۆیەوە 31 کەس گیانییان لە دەستدا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس