دەزگای هەواڵی ئەفغانستان لە زاری بەرپرسێکی ناوچەکەوە بڵاویکردەوە بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.
دەزگای ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا دەڵێت بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.3 بووە و لە نزیک شاری جەلالئابادی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانیداوە.
وتەبێژی فەرمانڕەوانەی هەرێمەکە مەولەڤی نەجیبوڵا حەنیف بە دەزگای هەواڵی بەختاری گوت " بومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممە لە هەرێمی کونار زیانی دارایی و مرۆیی لێکەوتۆتەوە." گوتیشی ڕەنگە ژمارەی قوربانییان زیاتر ببێت.
وتەبێژی وەزارەتی کارەساتەکان موحەمەد نەسیم حەقانی گوتی بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژمارەی قوربانیان شەش کەسن و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە مانگی شەشدا بوومەلەرزەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1000 کەس و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وێرانکرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز