هێزەکانی ئەفغانستان خۆیان بۆ هێرشێکی گەورە لە دژی داعش لە وڵاتەکەیان ئامادەدەکەن

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت هێزەکانیان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورەی بەرفراوان لە دژی داعش لە باکوری وڵاتەکە.

دەولەت وەزیری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنێک لە دژی داعش لە پارێزگاکانی سەری پـول و فەریاب و جۆزجان.

گوتیشی زانیاریان هەیە چەکدارانی بیانیان لە نێودایە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەبێ گوێدانە ڕەگەزنامەی چەکدارەکان هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن.

فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەی دیکە بۆی پـشتڕاستی کردووەتەوە کۆمەڵێک چەکداری فەڕەنسی کە ژنیشیان لە نێودایە و وەرگێڕێکی تاجیکیـیان لەگەڵە، لە سەرەتای مانگی یازدە گەیشتوونەتە ناوچەی دارزابی پارێزگای جۆزجان.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان چەکدارانی فەڕەنسی و جەزائیری کە ژمارەیەکیان لە سوریاوە هاتوون، پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە لە باکوری ئەفغانستان.

محەمەد ڕەزا غەفوری گوتەبێژی فەرمانڕەوای جۆزجان گوتی زانیاریـیان پـێگەیشتووە کە زیاتر لە 40 چەکداری بیانی داعش لە ناوچەکەدا هەن و زۆربەیان ئۆزبەکین و ئێستا لە ناوچەی دارزاب و قوشتەپەن. گوتیشی لەوێن بۆ ئەوەی خەڵکی بکەن بە داعش و ڕاهێنانیان پـێبکەن تاوەکو بیانکەن بە چەکداری خۆیان.

هەروەها گوتی داعش نزیکەی 50 منداڵی ناوچەکەی بە زۆر یان بەهۆی هەژاری خێزانەکانیانەوە کردووە بە چەکداری خۆی و ئێستا لە گوندی سەردار ڕاهێنانیان پـێدەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەندێک لەو منداڵانە تەمەنیان ناگاتە 10 ساڵ.