بەپـێی ئەو هەواڵانەی لە شاری جەلال ئابادی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە دێن، چەکدارانی تاڵیبان تەقەیان لە خۆپـیشاندەران کردووە و لە ئاکامدا 2 کەس کوژراون و 12 کەسی دیکە برینداربوون.
کەناڵی ئەلجەزیرە دەڵێت پەیامنێرەکەیان لە کابول پێی ڕاگەیاندوون ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەدان کەس ڕژاونەتە سەر جادەکانی شاری جەلال ئاباد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر تاڵیبان کە هەستابوو بە گۆڕینی ئاڵای وڵاتەکەیان بە ئاڵای تاڵیبان.
ڤیدیۆکانی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، پـیشانی دەدەن خەڵکی شارەکە ئاڵای تاڵیبان لێدەکەنەوە و ئاڵای نیشتمانی ئەفغانستان جارێکی دیکە بەرزدەکەنەوە.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا ژمارەیەک کەس لە ناوەڕاستی شاری جەلال ئاباد ئاڵای نیشتمانی دەشەکێننەوە.
چەکدارانی تاڵیبانیش لە بەرامبەر ئەم کارەی خەڵکی تەقە لە خۆپـیشاندەران دەکەن و پەلاماری ژمارەیەکیان دەدەن. ڕاپۆرتیش هەیە باس لەوە دەکەن ژمارەیەک ڕۆژنامەوانیش لێدانیان خواردووە.
لە لایەکی دیکە لە شاری بامیانی ڕۆژئاوای کابول ناڕەزایی لە نێو خەڵکدا پەیدابووە، پاش ئەوەی سەری پەیکەری ڕێبەرێکی سیاسی نەتەوەی هەزارە لێکراوەتەوە کە لە شەڕی تاڵیباندا کوژراوە. دەڵێن گولـلەیەکی ئاڕپـیجی نراوە بە سەری پەیکەرەکە.
سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز، فڕانس پـرێس، کەناڵی جەزیرە