هێرشی سەر هوتێلەکەی کابول کۆتایی‌هات بە کوژرانی 43 کەس

هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان شەوی یەکشەممە کوتاییان هێنا بە ئابڵوقەی سەر هوتێلی نێودەولەتی کابۆل کە لە ئاکامدا چەندین بریندار و کوژراوی لێ کەوتەوە، لە نێو کوژراوەکان 14 کەسی بیانی هەن.

ڕۆژنامەوانانی ئەفغانی کە سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کردبوو، لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان نوسیویانە بە دەیان تەرمیان بینیوە لە نێو هوتێلەکەدا. تۆلوع نیوز، کە گەورەترین کەنالی تەلەڤیزیۆنی ئەفغانستانە لە سەرچاوەی ئاسایشی بڕواپـێکراوەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 43 کەس.

کام ئێر( کومپانیای فرۆکەوانی ئەفغانستان) ڕایگەیاند لە ئاکامی هێرشەکەدا 10 کەس لە کارمەندانی کوژراون کە 5 کەسیان فرۆکەوان بوون، بە گوێرەی راپـورتەکان لەو 10 کەسە 2 کەسیان خەڵکی ڤێنێزویلان و 6 کەسیان خەڵکی ئۆکرانیا.

لە نێو هێرشەکە کە نزیکەی 14 کاتژمێری خایاند، 6 کەس لە هێرشبەرەکان خۆیان تەقاندەوە یان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانی کوژران.

وتەبێژی وەزارەتی ناخۆ نەسرەت ڕەحیمی بە دەنگی ئەمەریکای وت، دواهەمین هێرشبەر پێش نیوەشەوی یەکشەممە کە لە نهۆمی شەش گەمارۆ درابوو خۆی تەقاندەوە و لە ئاکامدا ئاگر لەو نهۆمە کەوتەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیو گۆتێرێس ئیدانەی هێرشەکەی کرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی قۆربانیانی هێرشەکە ڕاگەیاند.

وەزارەتی دەرەوە ئەفغانستان کوژرانی کونسوڵی نوێی وڵاتەکەی بۆ شاری کەراچی پاکستان پشتڕاست کردەوە. ڕەحیمی وتی زیاتر لە 161 میوانی هوتێلەکە کە 41 کەسیان بیانی بوون ڕزگار کراون.

‌بە گوێرەی ڕاپـۆرتەکان هێزە نێودەوڵەتیەکان یارمەتیدەری هێزە ئەفغانیەکان بوون لە بەرەنگار بوونەوەی هێرشەکە.

گروپێـک کە خۆی وەک تالیبانی ئەفغانستان ناساندووە وتی هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس(20-30) لە "داگیرکەرانی بیانی" لە نێویاندا هێزی تایبەتی ئەمەریکایی و ئەفسەرانی کۆماندۆس و هەواڵگری هەن. ئەم زانیاریانە لە لایەن SITE Intelligenceی بڵاوکراوەتەوە کە چاودێری چالاکی جیهادیـیەکان دەکات. یاخیبووانی تالیبان ئیدیعا دەکەن خۆکوژەکانیان هێرشەکەیان ئەنجامداوە، دەڵێن ئامانجی هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی ئاسایشی ئەفغانی و ئەمەریکایی بووە. زۆر جار تالیبان لە ئاستی هێرش و زیانی ئاکامی هێرشەکانی گەرەتر دەکات.

بەرپرسان هەتا ئێستا لێدوانێکیان لەم بارەیەوە نەداوە.

هێرشەکە بەوە دەسـتیپـێکرد، چەکدارەکان بە جلوبەرگی سەربازی و هێلەکی بۆمبڕێژکراوی خۆکوژی چوونە ناو ئاشپەزخانەی هوتێلەکەوە، لە دوای ئەوەش خۆیان گەیاندە هۆڵی کۆنگرەکان و نهۆمەکانی دیکە و لەگەڵیدا تەقەیان لە میوانەکان دەکرد.

ڕاگەیاندنێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان پەنجەی تاوانی بۆ تۆڕی تێرۆرستی حەققانی هاوپەیمانی تالیبان درێژکرد کە هەستاوە بە پلانگێڕی بۆ ئەم توندوتیژیـیە.