سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەدووری نەزانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی دژی تاڵیبان ئەنجام بدات ئەگەر هاتوو تاڵیبان بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی نوێ لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، ئەم هۆشیاریدانەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا لە ئێستادا هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.
دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی پێنجدا ئەمەریکا دەستیکرد بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیباندا زیادیکرد، لەمدواییانەدا تاڵیبان ڕایگەیاند زیاتر لە 100 ناوچەی لە زیاتر لە 400 هەرێمدا کۆنتڕۆڵکردۆتەوە.
جەنەڕاڵ سکۆت میڵەر لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوەی دەمانەوێت نەیبینین هێرشی ئاسمانییە، بەڵام بۆ ئەوەی هێرشی ئاسمانی ڕوونەدات دەبێت سەرجەم توندوتیژییەکان بوەستن."
وتیشی " باشترین ڕێگە بۆ وەستاندنی ئەمە کە لە ڕاستیدا بە تاڵیبانیشم وتووە، وەستاندنی هێرش و بۆردومانەکانە." هەروەها ئاماژەشی بەوەدا سوپای ئەمەریکا هێشتا لە توانایدا هەیە هێرشی ئاسمانی دژی چەکدارانی تاڵیبان ئەنجام بدات، تەنانەت لە کاتی کشانەوەی هێزەکانیشدا.
ئەو سەربازانەی ئەمەریکا کە هێشتا لە ئەفغانستان ماون، بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەبێت تاوەکو 11 ی مانگی نۆ ئەفغانستان جێبهێڵن.
لێدوانەکانی تاڵیبان سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمەکان زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی ئەفغانستانەوە ڕەت دەکرێنەوە و قورسە بتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە.
بەڵام شارەزایان پێیان وایە یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمەکان ئەوەیە لەم هەفتانەی دواییدا ئەمەریکا پشتیوانی ئاسمانیی هێزەکانی ئەفغانستانی نەکردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس