تاڵیبان 50 کیلۆمەتر لە کابولی پایتەختەوە دورە

چەکدارانی تاڵیبان دەستیانگرت بەسەر شاری پولی عەلەمی ناوەندی پارێزگای لوگەر، بەمەش نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە کابولی پایتەختەوە دورن.

هاوکات ئەمەریکا و بەریتانیا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گواستنەوەی هاوڵاتی و دیپـلۆماتانی خۆیان بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.

بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، 3 هەزار سەربازی ئەمەریکایی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی کابول دەکرێن هەتا بچنە پاڵ ئەو 650 سەربازە ئەمەریکایـیەی لە ئەفغانستاندا ماونەتەوە. ئامانج لە ناردنی ئەم سەربازانە یارمەتیدانە لە پـرۆسەی گواستنەوەی ئەمەریکایـیەکان و ئەو ئەفغانیـیانەی لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا کاریان کردووە.

بەریتانیاش بڕیاری داوە 600 سەربازی خۆی بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی ئەفغاستان بکات.

نەرویژ و دانمارک و فینلاند، ئەوانیش بڕیاریان داوەبە شێوەیەکی کاتی باڵیۆزخانەکانیان لە کابول دابخەن و هەموو فەرمانبەرەکانیان بگوێزنەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان.

لە لایەکی دیکە ڕێکخراوی مرۆیی پەنجیای ئیتالی لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی هەرچەندە مەترسیـیان لە دۆخەکە هەیە و نازانن چی ڕوودەدات، بەڵام ئەوان هەر لە ئەفغانستاندا دەمێننەوە.


سەرچاوە/ فڕانس پـرێس