زیادە لەمانگێکە هێرشی هێزە لەشکری و تایبەت و یەکەکانی تانک و تۆپخانە و موشەک و فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەردەوامە دژی شاری عەفرین و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە و و یەپەژە).
هاوکات سەرلەبەری ئەو هێرشانە بە پاڵپشتی و هەماهەنگی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سوریا کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات لەژێر ناو و ناونیشانی جیاوازدا لە ئەم شەڕەدا بەشدارن و هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیانی ئاسایی گوندەکان و هەرێمی عەفرین. بەڵام لەدەرئەنجامدا خەڵکێکی بێتاوان لە مناڵ و خانمان و خێزانەکانی ئەو دەڤەرانە بوونەتە قوربانی و سەدان خەڵکی سیڤیل بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا و هێزە ئیسلامییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش بریندار بوون. ئەمە بێجگە لەوەی کە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی بۆردومان و بۆمبارانی قوتابخانەو نەخۆشخانە و پارکە گشتییەکان و گۆڕستان و شەقامە گشتییەکان دەکەن. بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر ئەم کارەسات و جەنگە جێی پرسیار و گومانی گەورەیە. هاوکات چەندین راپۆرت و وێنەو ڤیدۆی بڵاوکراوە لەلایەن روانگەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا و کەناڵە جیهانییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە؛ بەڵام هێشتا بێ هەڵوێستی و هەنگاوی رژد لەبارەی عەفرینەوە جێی پرسیاری گەورەیە....
ئاسۆ جەبار وتوێژی لەگەڵ نوسەرو لێکۆڵەرەوە موحسین ئەدیب دا بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە...
موحسین ئەدیب دەڵێت "کۆی ئەو وڵاتانەی کە دنیا دەبەن بەرێوە یان سیستمی جیهان لە قەیرانێکی ئەخلاقی زۆر قوڵدایە." هاوکات پتر راڤەی دەکات و دەڵێت "سیاسەتی نێودەوڵەتی لەوەدەرچووە کە سیاسەتکردن بێت لەپێناو سەپاندنی ئاشتی و ئاسایش لەدنیادا کە لەبنەڕەتدا نەتەوە یەکگرتووەکان دوای جەنگی جیهانی دووەم لە پێناو ئەم دوو ئامانجەدا دامەزراوە. بەڵام ئێستا سیاسەتی نێودەوڵەتی هیچ نیە بێجگە لە هونەری ئیدارەدانی جەنگ، نەوەک هونەری کۆتایهێنان و بنبڕکردنی جەنگ."
هاوکات دەشڵێت "بەردەوامی جەنگ لەبەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان و کۆمپانیا فرە رەگەزەکانە."
موحسین ئەدیب دەڵێت "ئەوەی لەسەر عەفرین روودەدات شەڕی تورکیا دژی یەپەگە نیە، بەڵکە شەڕی نێوان دوو پارادایمە....."
دەشڵێت "رەنگە شەڕی عەفرین سەرەتای کۆتایی تورکیای ئەکەپە و ئەردۆغانیزم بێت."
Your browser doesn’t support HTML5