تارا حسێن: تورکیا دەیەوێت سێ ملیۆن عەرەبی سوری لە عەفرین نیشتەجێبکات

نزیکەی دوو مانگە هێرشە لەشکرییەکانی سوپای تورکیا و چەکدارە ئیسلامی و سەرهەڵداوەکانی سوریا کە تورکیا پستیوانیان لێدەکات بۆ سەر عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری بەردەوامە. تا ئەم سەروەختە هاوڵاتیانی ئاسایی عەفرین بوون بە قوربانی کە مناڵ و ژن و کەسانی بەتەمەنیش بەهۆی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بۆمبارانی تۆپ و موشەکەوە گیانیان لە دەستداوە.

هاوکات پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا رۆژی چوارشەمە پڕۆژەبڕیارەکەی پەسەند کرد و تیایدا بە پێویستی دەزانێت کە لە سوریا سەرنج بخرێتە سەر داعش و گروپە تیرۆرستییەکانی دیکە، هەروەها داواش لەتورکیا دەکات کە هێرشەکەی سەر عەفرین ڕابگرێت و تەواوی سوپاکەی لەو ناوچەیە بکشێنێتەوە.

لە بەرامبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داواکەی پەرلەمانی ئەوروپای ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند "به‌بێ هۆ دڵتان خۆش مه‌كه‌ن، تا كاره‌كه‌مان كۆتایی نه‌یه‌ت، ئه‌وێ بەجێ ناهێڵێن."

ئەوەش لەکاتیکدایە لە ئاکامی بۆردومانی 24 ی کاتژمێری ڕابردووی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سەنتەری شاری عەفرین، 13 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوون.

سەبارەت بە بۆردومان و هێرشەکان بۆ سەر عەفرین و هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیار و بێدەنگی؛ ئاسۆ جەبار وتوێژی لەگەڵ وتەبێژی تەڤگەری ئازادی تارا حسێن بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە...

تارا حسێن دەڵێت "ئەمڕۆ زیاتر لە 21 هاوڵاتی لە عەفرین شەهیدبوون و وە بریندارێکی هێجگار زۆر هەیە؛ تەنانەت پزیشکەکان ناتوانن بگەنە لایان و چارەسەری سەرەتاییان پێبگەیەنن."

دەشڵێت "ئەو گوندانەی کە تا ئێستا کەوتونەتە ژێردەستی دەوڵەتی تورکیاوە؛ ئێمە دەبینین چ جینۆسایدێک بەڕێوەدەچێت لەسەر ئەو خەڵکەی عەفرین، چۆن هێدی هێدی عەرەب و تورکمان دەهێنرێت و لە گوندەکانی کوردەکان نیشتەجێدەکرێن."

سەبارەت بە ستراتیژە ترسناکەکانی تورکیا بۆ عەفرین خاتو تارا حسێن دەڵێت "سێ ملیۆن و نیو ئاوارەی عەرەب هەیە لە تورکیا و لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا؛ خواستیان هەیە کە ئەمانە بهێنن و لەناو ناوەندی عەفریندا نیشتەجێیان بکەن."

سەبارەت بە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش دەڵێت "هاوپەیمانان شەرمنانە ئەو هێزانەن کە لەکاتی خۆشی و بەرژەوەندیدا لەگەڵیاندان، بەڵام لەکاتی کۆمەڵکوژی و قڕکردن و جینۆسایددا لەگەڵیاندا نین و بێدەنگ و کەڕوڵاڵن."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ تارا حسێن