قەدەغەکردن لەسەر کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان"ی سەلمان ڕوشدی لە هیندستان هەڵدەگیرێت

سەلمان ڕوشدی

کتێبی " ئایەتە شەیتانییەکانی " سەلمان ڕوشدی نوسەر دوای سێ دەیە قەدەغەکردنەکەی لە هیندستان لادەبرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دادگایەکی هیندستان وتی حکومەت نەیتوانیوە بڕیارە کۆنەکەی قەدەغەکردنی کتێبەکە بدۆزێتەوە.

کتێبەکەی نوسەرە هیندی – بەڕیتانیاییەکە لە ساڵی 1988 دا لە هیندستان قەدەغە کرا، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک لە موسوڵمانان بە " کوفر " ناوییان برد. دادگای باڵای دەلهی گوێبیستی دۆسییەیەکی ساڵی 2019 بوو کە تێیدا داوا کراوە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کتێبەکە بۆ هیندستان لاببرێت.

بەپێی فەرمانێکی دادگا لە 5 ی مانگی یانزەدا، حکومەتی هیندستان بە دادگای باڵای دەلهی وتووە کە فەرمانی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کتێبەکە بۆ هیندستان " ناتوانرێت بدۆزرێتەوە و لەبەر ئەوە ناتوانرێت ئەو فەرمانە دروست بکرێتەوە."

لە ئەنجامی ئەوەدا دادگاکە وتی " هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەماوە جگە لەوەی وایدابنێت کە ئەو فەرمانە بوونی نیە." واتە فەرمانی قەدەغەکردنی کتێبەکە.

پارێزەری سکاڵاکار ساندیپان خان، ئودایم موخریجی وتی " لە 5 ی مانگی یانزەدا قەدەغەکردنی کتێبەکە لابرا چونکە فەرمانە ڕاستەقینەکەی نەدۆزراوەتەوە."

خان دەڵێت دوای ئەوەی لە دوکانەکانی فرۆشتنی کتێبدا پێی وتراوە کە کتێبەکە ناتوانرێت بفرۆشرێت و ناشتوانرێت هاوردەی هیندستان بکرێت، کاتێکیش گەڕاوە نەیتوانیوە فەرمانی فەڕمی قەدەغەکردنی کتێبەکە بدۆزێتەوە، چووە بۆ دادگا و سکاڵای تۆمار کردووە.

کتێبەکەی ڕوشدی دوای ئەوەی لە مانگی نۆی ساڵی 1988 دا بڵاوکرایەوە ، لە سەرانسەری جیهاندا مشتومڕێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، چونکە هەندێک لە موسوڵمانەکان پێیان وابوو کە هەندێک لە دێڕەکانی کتێبەکە سەبارەت بە پێغەمبەر محەمەد کوفر کردن بوون.

کتێبەکە بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندانی توند و سوتاندنی کتێبەکە لە سەرانسەری جیهانی موسوڵماناندا، بە هیندستانیشەوە، کە سێیەمین وڵاتە لە ڕووی زۆرترین دانیشتوانی موسوڵمانەوە.

لە ساڵی 1989 دا ڕابەری باڵای ئەو کاتەی ئێران ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی فەتوایەکی دەرکرد و تێیدا داوای لە موسوڵمانان کرد ڕوشدی بکوژن، ئەوەش وایکرد ڕوشدی بۆ ماوەی شەش ساڵ خۆی حەشار بدات.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 دا، نزیکەی 33 ساڵ دوای ئەو فەتوایە، ڕوشدی لە ماوەی وتنەوەی وانەیەکدا لە نیویۆرک بە چەقۆ لێیدرا، لە هێرشەکەدا چاوێکی کوێر بوو و هەروەها کاریشی کردە سەر بەکارهێنانی یەکێک لە دەستەکانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز