داواکاری گشتی تورکیا داوای هەڵوەشانەوەی پارتی هەدەپە دەکات

داواکاری گشتی تورکیا داوای لە دادگای باڵای وڵاتەکەی کردووە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک پارتێکی سیاسی کۆتایی پـێبهێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە، دەڵێت کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیا دەکات.

بەکر شاهین ئەمڕۆ چوارشەممە داواکەی ڕەوانەی دادگای باڵای تورکیا کرد، تیایدا نووسیویەتی ئەندامانی هەدەپە لەگەڵ پەکەکە و ڕێکخراوەکانی دیکەی سەر بە پەکەکە کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە داوای داخستنی ئەم پارتە سیاسیـیە دەکات.

دەشڵێت ئەم داوایەی بەپـێی مادەی 14 ی دەستوری تورکیایە کە دەڵێت نابێت هیچ کام لە ماف و ئازادیـیە بنەڕەتیـیەکان بەکاربهێنرێن بە ئامانجی لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی یەکپارچەیی دەوڵەت و نیشتمان و خەڵکی تورکیا.

ئەم داوایەی داواکاری گشتی تورکیا پاش ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا پارێزبەندی لەسەر عومەر فاروق گەرگەرلی‌ئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لابرد کە لە ساڵی 2018 حوکمی ساڵێک و 10 مانگ زیندانی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پـرۆپاگەندەی تێرۆرستی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان لە ساڵی2016 دا.