ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی دەکات

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت، حەیدەر قوربانی، زیندانی تەمەن 47 ساڵی کورد لە ئێستادا لە بەردەم مەترسی لەسێدارەداندایە بە تۆمەتی "یاخیبونی چەکداری دژ بە دوڵەت" سەرەڕای پێشێلکارییەکی ڕژد لە دادگاییکردنەکەیدا.

لە ڕاگەیاندنەکەیدا، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت "کاربەدەستانی ئاسایش و داد و دادوەری لە دۆسیەکەیدا بنەماکانی پرۆسەی دادپەروەرانەیان پێشێلکردووە و دادگای شۆڕشی سنەش لەگەڵ ئەوەدا کە لە سزاکەیدا دەڵێت کە حەیدەر قوربانی هەرگیز چەکدار نەبووە، بەڵام بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک لەدژی کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سپێندراوە."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت" دادگا پێچەوانەی یاسا سزای لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە سەر بنەمای ئەو دانپێدانانە سەپاندوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و لە کاتێکدا ناوبراو قوربانی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووە لێی وەرگیراوە".

ڕێکخراوەکە دەشڵێت " پێویستە کاربەدەستان بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە و جارێکی تر بە شێوەیەکی ڕەوایانە دادگایی بکرێتەوە".

قوربانی لە مانگی 10 ی ساڵی 2016 لە کامیارانی کوردستانی ئێران دەستگیر کرا و تاوانبارکرا بە ڕووداوێکی توندوتیژ لە کە مانگێک پێش ئەوە لەوێ ڕوویدابوو و تیایدا 3 ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرابوون.