دوای پوچەڵکردنەوەی هێرشێک بۆ سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سوێفت، هاووڵاتییەکی عێراقی لە ڤییەنا دەستبەسەر دەکرێت

وەزیری ناوخۆی ئوستریا ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 18 ساڵ لە ڤییەنا دەستبەسەرکراوە و گومانی ئەوەی لێدەکرێت پەیوەندی هەبێت بە لێکۆڵینەوەکانەوە لەسەر " پلانگێڕییەک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتەکەی تایلەر سوێفت " لە ڤییەنای پایتەخت.

وەزیری ناوخۆی ئوستریا گێرهارد کارنەر وتی عێراقییەکە لە نێو هەمان بازنەی گومانلێکراوە سەرەکییەکەدایە، کە کەسێکی ئوستریایی تەمەن 19 ساڵە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی باکووری مەکدۆنیایە.

کارنەر وتی گومانلێکراوە عێراقییەکە لە 6 ی مانگی هەشتدا بەیعەتی داوە بە ڕێکخراوی داعشی تیرۆریستی، بەڵام هێشتا دیار نیە کە ئایا ئەو ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبووە بە پلانی هێرشکردنەکەوە یان نا.

دوو گەنجی دیکەی ئوستریایی کە تەمەنییان 17 ساڵ و 15 ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە لەسەر هەمان دۆسییە دەستبەسەرکراون.

کارنەر دەڵێت 17 ساڵەکە کە کارێکی هەبووە لەو کۆمپانیایەدا کە خزمەتگوزاری بۆ کۆنسێرتەکە دابین کردووە تاوەکو ئێستا ڕەتی دەکاتەوە بەڵگەکان ئاشکرا بکات.

ئەو کوڕە کە وادیارە بووبێتە کەسێکی توندڕەو، لەلایەن بەرپرسانەوە ناسراو بووە.

کارنەر وتی 15 ساڵەکەش بەردەوام لەلایەن پۆلیسەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەرپرسانی ئوستریا باسییان لەوە کردووە کە زانیارییان بە دەست گەیشتووە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاوە سەبارەت بە مەترسییەک لەسەر کۆنسێرتێکی تایلەر سوێفت، چونکە یاسای ئوستریا ڕێگە نادات ئەپەکانی نامە ناردن چاودێری بکرێن، گومانلێکراوەکانیش ئەو ئەپانەیان بەکارهێناوە.

ڕاوێژکاری ئوستریا کارڵ نیهامەر وتی " هاریکاری لەگەڵ هاوبەش و دەزگا بیانییەکاندا زۆر گرنگە، ئەمە وایکرد ڕێگری بکەین لە تراجیدیایەک لە ڤییەنادا."

تایلەر سوێفت کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە لەندەن کۆنسێرت بکات، تاوەکو ئێستا لێدوانی نەداوە.

پۆلیسی بەڕیتانیاش وتی هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە لەسەر ئەوەی پلانگێڕییەکەی ڤییەنا هیچ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر کۆنسێرتەکەی لەندەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز