ئاندرو تەیت بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ڕۆمانیا دەستبەسەرکرا

ئاندرو تەیت لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا

داواکاری گشتی ڕۆمانیا داوای لە دادگایەکی بوخارێست کرد ماوەی دەستبەسەرکردنی ئاندرو تەیت بۆ 30 ڕۆژی دیکە درێژ بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تەیتی یاریزانی پێشووی کیک بۆکسین و کەسایەتی دیاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژی سێکسی و پێکهێنانی گروپێکی ڕێکخراوی تاوان دەستبەسەرکرا.

داواکاری گشتی یەکەی دژ بە تاوانی ڕێکخراو لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕۆژی پێنجشەممە تەیت و تریستانی برای لەگەڵ دوو گومانلێکراوی دیکەی ڕۆمانیدا دەستبەسەرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر موڵکەکەی لە بوخارێست.

داواکاری گشتی ڕۆمانیا وتی " یەکەکانی دژ بە تاوانی ڕێکخراو پێشنیارێکی بۆ دادوەری ماف و ئازادییەکانی دادگای بوخارێست کردووە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی چوار گومانلێکراوەکە بۆ 30 ڕۆژی دیکە."

ڕۆژی پێنجشەممە تەیت و براکەی ڕەتییان کردەوە لێدوان بدەن، بەڵام پارێزەرەکەیان هەواڵی دەستبەسەرکردنەکەی پشتڕاست کردەوە.

داواکاری گشتی وتی تەیت و براکەی لە مانگی چوارەوە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.

وتی " چوا گومانلێکراوەکە وادیارە گروپێکی تاوانی ڕێکخراوییان پێکهێنابێت، بە مەبەستی بە کرێگرتنی ژنان و بەکارهێنانیان، ئەوەش لە ڕێی ناچارکردنیان بۆ دروستکردنی بابەتی پۆرنۆگرافی و بڵاوکردنەوەیان لە ماڵپەڕە تایبەتەکاندا و لە بەرامبەریشدا پارە وەربگرن."

وتی " بڕێکی زۆر پارەیان پەیدا دەکرد."

وتیشی شەش ژنییان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن گومانلێکراوەکانەوە لە ڕووی سێکسییەوە سوودییان لێوەرگیراوە.

تەیت لە ئەمەریکا لە دایک بووە و ڕەگەزنامەی بەڕیتانی هەیە، ئۆفیسی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکراوە بۆ پێدانی یارمەتی ڕاوێژی لەسەر دۆسییەکە.

تەیت بەهۆی قسەی ڕق و کینە و لێدوانەکانییەوە دژی ژنان ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە، تەیت وتوویەتی بەشێکی هۆکاری دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر ژنان، ژنان خۆیانن. دەشڵێت ژنان موڵکی پیاون.

هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەیتییان قەدەغە کردووە، لەوانەش تویتەر، بەڵام لە مانگی یانزەدا دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک تویتەری کڕییەوە، هەژمارەکەی تەیت دووبارە چالاک کرایەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز