گرژییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا سەرهەڵدەدەنەوە

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ڕایگەیاند یەکێک لە سەربازەکانی لەلایەن سێرەگرێکی ئازەربایجانەوە لە نزیک سنووری نێوان دوو وڵاتەکەدا کوژراوە، بەڵام ئازەربایجان رەتی کردەوە و دەڵێت سەربازەکانی لەلایەن ئەرمینیاوە لە بەشێکی دیکەی ناوچە سنوورییەکەوە تەقەیان لێکراوە.

ڕۆژی یەکشەممە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیادیانکرد، پاش ئەوەی ئازەربایجان ڕایگەیاند خاڵێکی پشکنینی لەسەر سەرەتای ئەو ڕێگایە داناوە کە دەچێتەوە سەر ئەرمینیا و هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمینین.

لەلای خۆیەوە ئەرمینیا ڕایگەیاند ئەو جۆرە خاڵە پشکنینانە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە ساڵی 2020 دا واژۆ کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی نێوان دوو وڵاتەکە.

لە ساڵی 1994 دا هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی نەژادە ئەرمینییەکانەوە، ئەوەش لە کۆتایی چەندین ساڵ لە شەڕی جیاخوازەکان. هێزەکانی ئەرمینیاش چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناگۆرنۆ کاراباخییان گرت.

لە ماوەی جەنگە شەش هەفتەییەکەی ساڵی 2020 دا ئازەربایجان زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری ناگۆرنۆ کاراباخی گرتەوە، جەنگەکەش بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 6,800 سەرباز. کۆتاییهاتنی جەنگەکەش بەهۆی ئاگربەستێکەوە بوو کە ڕووسیا نێوەندگری تێدا کرد.

لە مانگی چوار لانیکەم حەوت سەرباز لە نێوەندی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا کوژراون.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەرمینیا ڕایگەیاند سێرەگرێک یەکێک لە سەربازەکانی لە نزیک گوندی سۆتک کوشتووە. ئازەربایجان ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی ئەرمینییەکان بە چەکی بچووکەوە تەقەیان لە هێزەکانی ئازەربایجان کردووە، ئەوانیش بە تەقەکردن وەڵامییان داونەتەوە.

ئازەربایجان چەندین جار ئاماژەی بەوەداوە گوایە ئەرمینییەکان ڕێڕەوی لاچینییان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ناو ناگۆرنۆ کاراباخ. ڕێڕەوەکە ئەرمینیا و ناگۆرنۆ کاراباخ بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوە/ AP