وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوا لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی دژی داعش دەکات ڕۆڵی زیاتر ببینن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت دڵنیایە لەوەی وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە عێراق و سوریا، زیاتر پاڵپشتی لەشکری بۆ شەڕەکە دابین‌دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری 11 وڵاتی هاوپەیمانێتیـیەکە لە بارەگای فەرماندەیەتی هێزەکانی ئەمەریکا- ئەوروپا لە شتوتگارتی ئەڵمانیا، ئاشتۆن کارتەر گوتی وڵاتانی هاوپەیمانێتیـیەکە لە گرنگی پـێشکەشکردنی پاڵپشـتی زیاتر بۆ شەڕەکە دەزانن و دڵنیایە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا هاوکاری زیاتری لەشکری دەخەنە ڕوو.

پاشان ئاشتۆن کارتەر بە ڕۆژنامەوانانی گوت هاوپەیمانێتیـیەکە سەرکەوتن تۆماردەکات، بەڵام لەسەر هەموو لایەکە کاری زیاتر ئەنجام بدات. گوتیشی هێشـتا شەڕەکە تەواو نەبووە و مەترسی لە ئارادایە. جەختی لەوەش کرد کە گرنگە بەردەوامبن لە پاڵپشتی هێزە خۆجێـیەکان تاوەکو خێرابکرێت لە کۆتایی‌هێنان بە کۆنترۆڵی داعش بۆ سەر هەردوو شاری ڕەققە و موسڵ.

پاشان پـێشنیاری کرد لە هاوینی ئەمساڵدا کۆبوونەوەیەکی دیکەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتیـیەکە لە واشنتن سـازبکرێت.

جێی ئاماژەیە ئەم داوایانەی ئاشتۆن کارتەر پاش هەفتەیەک دێت لەوەی سەرۆک ئۆباما داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد خەرجیـیەکانیان بۆ بەرگری زیاتربکەن.