ئاشتۆن کارتەر داوا لە تورکیا دەکات کاری زیاتر بۆ شەڕی دژی داعش بکات

وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوای لە تورکیا کرد کاری زیاتر بکات بۆ یارمەتیدان لە تێکشـکاندنی داعش.

لە دەسـتپـێکی گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە بنکەی لەشکری ئنچەرلیک لە باشوری تورکیا و لەوێ لێدوانی بۆ پەیامنێران دا و گوتی " تورکیا دەتوانێت ڕۆڵێـکی گرنگ ببینێت، وە ئێمە پـێزانینمان هەیە بۆ ئەوەی دەیکات و دەمانەوێت زیاتریش بکات."

پاشان گوتی پـێویستە تورکیا باشتر سنوورەکەی لەگەڵ سوریا کۆنترۆڵ بکات، بە تایبەتی لەو نزیکەی 98 کیلۆمەترەی سنوورەکەی کە بڕوادەکرێت لە لایەن داعشەوە بۆ کاری بازرگانی نایاسایی بەکاردەهێنرێت و هەروەها شەڕکەرانی بیانی پـیایدا دێن و دەڕۆن.

ئەمەریکا چاوەڕوانە تورکیا ڕۆڵێـکی زیاتر لە دژی داعش ببینێت، بەو پـێـیەی وڵاتێـکی ئەندامی ناتۆیە و لە شوێنێـکی جوگرافی گرنگدایە.

لە ئێسـتادا ئنچەرلیک یەکێـکە لە بنکە ئاسمانیـیە سەرەکیـیەکانی بۆ هێرشی دژی داعش بەکاردەهێنرێن. 59 فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکایی و تورکی و قەتەری لەوێ بۆ ئەم مەبەستە جێگیرکراون. هەروەها لەو بنکەیە ئەڵمانیاش بە فڕۆکەی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و پـێدانی سووتەمەنی بەشداری دەکات.

دیپـلۆماتێـکی ئەمەریکایی گوتیشی ئامانجی سەردانەکەی کارتەر بۆ ئنچەرلیک، کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەربازانی ئەمەریکایی و پاشان سوپاسیان بکات بۆ بەشداریکردنیان لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش.