ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: ئێران لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا 300 کەسی لە سێدارە داوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە لە یەکەمین حەوت مانگی ساڵی 2024 دا لانیکەم 300 کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارەدراون. بەشێک لەوانەی کە لە سێدارەدراون بریتی بوون لە 15 ژن، 42 هاووڵاتی بالوچ، 20 هاووڵاتی کورد و 20 هاووڵاتی ئەفغانی. تەنها لە مانگی حەوتدا لانیکەم 49 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، 36 کەسییان لە دوایین یانزە ڕۆژی کۆتایی مانگی حەوتدا لە سێدارەدراون.

ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات سەبارەت بە چڕبوونەوەی لە سێدارەدانەکان لە ئێران و داوای سەرنجێکی تایبەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵک دەکات بۆ لە سێدارەدانەکان لە زیندانەکانی ئێراندا.

بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران مەحمود ئەمیری موقەدەم وتی " ئێمە بە تایبەتی نیگەرانیین سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لە سێدارەدانی چالاکوانە مەدەنییە کوردەکان و زیندانییەکانی دیکە لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا. تەنها ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەم شەپۆلی لە سێدارەدانە ئەوەیە کە باجە سیاسییەکەی زیاتر بکەین لە ڕێی خۆپیشاندانی کۆمەڵگەی مەدەنی و فشاری نێودەوڵەتییەوە."

لە سێدارەدانەکان لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا:

- لانیکەم 300 کەس لە سێدارە دراون.
- تەنها 28 حاڵەتی لە سێدارەدان کە دەکاتە لە سەدا 9 ی سەرجەم حاڵەتەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ڕاگەیەندراون.
- 172 حاڵەتی لە سێدارەدانەکان بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون.
- 110 حاڵەتی لە سێدارەدانەکان پەیوەست بوون بە تۆمەتی کوشتنەوە.
- 15 کەس بە تۆمەتی بابەتە ئاسایشییەکانی وەکو " یاخیبوونی چەکداریی و دوژمنایەتی دژی خودا و گەندەڵی لەسەر زەوی " لە سێدارە دراون.
- لە کۆی 15 حاڵەتەکەی لە سێدارەدان بەهۆی ئاسایشەوە، 5 کەسییان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل لە سێدارە دراون، 5 کەسی دیکەیان زیندانی سیاسی کوردی سووننە بوون.
- 3 حاڵەتی لە سێدارەدانەکان پەیوەست بوون بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسییەوە.
- لانیکەم 15 ژن لە سێدارە دراون.
- 42 هاووڵاتی بالوچ و 20 هاووڵاتی کوردی کەمینە لە نێو ئەوانەدا بوون کە لە سێدارە دراون.
- 20 هاووڵاتی ئەفغانی و عێراقییەک لە نێو ئەوانەدا بوون کە لە سێدارە دراون.

بەپێی داتا کۆکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەم 300 حاڵەتەی لە سێدارەدان لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا بە ڕێژەی لە سەدا 30 کەمترە بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەدا لە ساڵی 2023 دا، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2023 دا لانیکەم 400 کەس لە سێدارە درابوون. ئەم کەمبوونەوەیەش ڕەنگە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئێران و مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسییەوە بووبێت.

لە کۆی 300 حاڵەتەکەی لە سێدارەدانەکان، تەنها لە سەدا 9 ی حاڵەتەکان واتە 28 حاڵەت لەلایەن بەرپرسانەوە ڕاگەیەندراون، لە سەدا 91 ی حاڵەتەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕێی دوو سەرچاوەی سەربەخۆوە پشتڕاست کراونەتەوە.