لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا تەقە لە پاسێکی ئیسڕائیلی دەکرێت و 7 کەس بریندار دەبن

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت کۆمەڵێک چەکدار تەقەیان لە پاسێکی ئیسڕائیلی کردووە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و شەش سەربازیی ئیسڕائیل و هاوڵاتییەکی مەدەنی برینداربوون.

هێرشەکە لە دۆڵی ئوردن لەنزیک شاری توباس ڕوویداوە، هەروەها لە کاتێکیشدایە کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا توندوتیژییەکان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا زیاتر بوون، مانگی ڕابردووش لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بە هەمان شێوە تەقە لە پاسێکی ئیسڕائیلی کرا.

هەروەها دوابەدوای هێرشەکانی سوپای ئیسڕائیل دێت لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کە زۆربەیان چەکدارە فەڵەستینییەکان دەکەنە ئامانج لە ناوچەکانی نابلوس و جنین، کە هەردووکیان نزیک توباسن.

دوای هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە، دوو گومانلێکرا دەستگیرکران، لە قەراغ شەقامێکی نزیک شوێنی هێرشەکە کۆمەڵێک چەک دۆزراونەتەوە. جامی پێشەوەی پاسەکە هەمووی شوێن فیشەک بووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی سەربازێکیان بە سەختی برینداربووە و پێنج سەربازەکەی دیکە و هاوڵاتییە مەدەنییەکان برینەکانیان سوکتر بوون.

بەرپرسێکی تەندروستی دەزگای خزمەتگوزاری تەندروستی خێرای ماگین دەیڤد ئادۆم، ماتی کارمی، گوتی " دووان لە بریندارەکان " لە دەرەوەی پاسەکە چارەسەرییان بۆ کراوە.

دوو کەسەکە بە ئاگا بوون و بە فڕۆکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری حەیفای ئیسڕائیل.

بەپێی دەزگا تەندروستییەکە، بریندارەکانی دیکە بە پارچە شووشەی جامی پاسەکە برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە لە باکووری ئیسڕائیل.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز گوتی " هێزەکانی ئاسایش دەستبەجێ گەڕاون و گومانلێکراوەکانیان دەستگیرکردووە."

سوپای ئیسڕائیل گوتی دوای ئەوە دوو گومانلێکراو دەستگیرکراون، هێزەکانی ئاسایش " بەردەوامن لە گەڕانەکانیان."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپید ستایشی هێزەکانی ئاسایش و تیمەکانی فریاکەوتنی کرد و گوتی " ئەوان بەخێرایی و سووربوونەوە کارییان کردووە " بۆ چارەسەرکردنی قوربانییەکان و دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس