وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی ئۆکرانیا دەکات

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە ئۆکرانیا، ئەمەش وەکو دەرخستنی پشتیوانییەک بۆ سوپای ئۆکرانیا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکرانیادا.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند ئۆستن " وتارێک دەدات و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن ئۆکرانیا بە تواناوە شەڕی کردووەتەوە دژی جەنگەکەی پوتن، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پابەندبوونی ئەمەریکا بە دڵنیابوونەوە لەوەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ئەو توانای شەڕەیان هەبێت کە پێویستییانە، هەروەها تیشکیش دەخاتە سەر ئەوەی بۆچی شەڕەکەی ئۆکرانیا گرنگە بۆ ئاسایشی ئەمەریکا."

سەردانەکەی ئۆستن چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ئەمەریکا یارمەتییەکی سەربازیی نوێی بە بەهای 425 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، یارمەتییەکانیش بریتین لە تەقەمەنی و سیستمی بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی تۆپهاوێژ.

بەرپرسانی کیێڤی پایتەخت ڕۆژی دووشەممە وتییان لە هێرشێکی دڕۆنی ڕووسیادا لانیکەم کەسێک لە کیێڤ بریندار بووە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتاڵی کلیتسچکۆ وتی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی ئەو دڕۆنانەی کە لەلایەن بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیاوە خراونەتە خوارەوە زیانیان بە چەندین بینای نیشتەجێبوون گەیاندووە.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی نزیکەی دەرزەنێک دڕۆنی ڕووسیایی بەشداربوون لە هێرشەکەدا، بەڵام سەرجەمییان خراونەتە خوارەوە.

هاوکات دڕۆنەکانی ڕووسیا میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیاشییان کردووەتە ئامانج. ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند 18 دڕۆنی ئۆکرانیایی خستووەتە خوارەوە، زۆربەی دڕۆنەکان بەسەر هەرێمی ڕۆستۆڤەوە خراونەتە خوارەوە، چوار دڕۆنی دیکەیان بەسەر هەرێمی بریانسک و دووانی دیکەیان بەسەر کورسک و یەکێکییان بەسەر ئۆریۆڵەوە خراونەتە خوارەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا