ئوستڕاڵیا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت بەهۆی نیگەرانییەکانییەوە لەسەر مافەکانی مرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا پێنی وۆنگ

لە دووەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا، ئوستڕاڵیا سزای زیاتر دەسەپێنێت بەسەر بەرپرسانی ئێرانیدا.

ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کە کچێکی کوردی ئێرانی بوو لە مانگی نۆی ساڵی 2022 دا دەستگیرکرا لەسەر ئەوەی کە گوایە سەرپۆشی نەکردووە، دواتر گیانی لە دەستدا.

وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا پێنی وۆنگ ڕۆژی دووشەممە وتی ئوستڕاڵیا هاودەنگی خۆی دەردەبڕێت لەگەڵ " ژنان و کچانی ئێرانیدا لە خەباتیاندا بۆ یەکسانی و بەهێزبوون."

وۆنگ سەپاندنی سزای دارایی و قەدەغەکردنی گەشتی ڕاگەیاند بەسەر بەرپرسانی باڵای ئاسایش و پۆلیسی ئێراندا، ئەوانەی کە گوایە بەشداربوون لە " سەرکوتکارییە توندەکەدا " دژی خۆپیشاندانەکان لە ئێران.

وتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران " زۆر خراپە " لە کاتێکدا کە چالاکەوانە ژنەکان بەردەوام دەستگیر دەکرێن و سزای مەرگییان بەسەردا دەسەپێندرێت.

وۆنگ بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئوستراڵیای وت کە سوکایەتییەکانی بەرپرسانی ئێران هێشتا بەردەوامە دوای دوو ساڵ لە مەرگی ژینا ئەمینیش.

وتی " سزامان بەسەر پێنج بەرپرسی ئاسایش و پۆلیسی ئێراندا سەپاندووە کە دەستییان هەبووە لەم بە ناو چالاکییانەی پۆلیسدا، کە دواجار سەرکوتکردنی گەلی ئێرانن، سەرکوتکردنێکی توند."

نیکیتا وایتی ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی ئوستڕاڵیا، کە ڕێکخراوێکی مافەکانە، بە میدیای ناوخۆی وت مافەکانی مرۆڤ لە ئێران زۆر بە خێرایی خراپتر دەبن.

وایت وتی " ئەو کەسانەی کە لە سێدارە دەدرێن دوای ئەوەی دادگاییەکی نادادپەروەرانە دەکرێن لە سێدارە دەدرێن." وتیشی باس لە ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردنیش کراوە.

تاوەکو ئێستا ئوستڕاڵیا سزای بەسەر نزیکەی 200 کەس و ڕێکخراودا سەپاندووە کە پەیوەستن بە ئێرانەوە، بەوانەشەوە کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە. سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر لەم ساڵدا لەلایەن کەنەداوە بە گروپێکی تیرۆریستی ناسێندرا، ئەمەریکاش لە ساڵی 2019 دا سوپای پاسدارانی ئێرانی بە گروپێکی تیرۆریستی ناوبرد.

ڕۆژی دووشەممە لە کانبێرا یاسادانەرێکی ئۆپۆزسیۆنی ئوستڕاڵیا و وتەبێژی سێبەری وەزارەتی دەرەوە سایمۆن بێرمینگهام داوای لە حکومەتی ئوستڕاڵیا کرد سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

پێشتر لەم مانگەدا وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی سزاکانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیای بە " تیرۆری ئابووریی " ناوبرد.

ئارەقچی بانگەشەکانی ئەمەریکای ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی تاران موشەکی باڵیستیکی گواستووەتەوە بۆ ڕووسیا تاوەکو یارمەتی مۆسکۆ بدات لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا