ئوسترالیا بە نیازە پەرە بە هێرشە ئاسمانیـیەکانی لە دژی داعش بدات

حکومەتی ئوسترالیا بە نیازە هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ سەر داعش لە عێراق و سوریا زیاتر بکات، بە شێوەیەک ئەو ئامانجانەش بگرنەوە کە لە دەرەوەی بەرەکانی شەڕ و پـێـکدادانن.

ماڵکم تێرنبوڵ سەرۆک وەزیری ئوسترالیا ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە وتارێـکیدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی حکومەتەکەی لەسەر داوای فەرماندە لەشکریـیەکانی وڵاتەکەی قایل بووە هەندێـک یاسای وڵاتەکە هەمواربکرێن، ئەوانەی سنوور بۆ کردارە لەشکریـیەکانی لە دەرەوەی وڵات دادەنێن.

جێی ئاماژەیە یاسا ناوخۆیـیەکانی ئێسـتای ئوسترالیا ڕێگە نادەن بە لەشکری وڵاتەکەیان لەو شوێنانەی داعش بدەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیـیان بە شەڕەوە نیـیە، واتە فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئوسترالیا ئەوانەی بەشدارن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش ناتوانن لە عەمبار و سەرچاوە دارایـیەکانی داعش بدەن.

سەرۆک وەزیر تێرنبوڵ بۆ پەرلەمانتارانی ڕوونکردەوە کە بە هەموارکردنی ئەو یاسایانە ئوسترالیا دەتوانێت بچێتە پاڵ هاوپەشەکانی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئامانجەکانی داعش لە قوڵایی ناوچەکانی ژێر دەسـتی داعش بکاتە ئامانج.

باسی لەوەش کرد سەرکەوتنەکانی ئەم دوایـیانەی لە عێراق و سوریا تۆمارکراون هەتا ئاستێـکی باش داعشی لاوازکردووە و ئەو قسانەی داعش پـێشـتر دەیکردن، گوایە نابەزێنرێت بە درۆخستەوە.

ئوسترالیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە ئێستادا نزیکەی 780 سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و بەشێـک لەو سەربازانە لە عێراقدان. هەروەها 6 فڕۆکەی جۆری F/A-18 ی ئوسترالیا بەشداری هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش دەکەن لە عێراق و سوریا. لە مانگی نۆی 2015 ئوسترالیا هێرشەکانی بۆ سەر داعش فراوانترکرد تاوەکو سوریاش بگرێتەوە.

سەبارەت بە یاساکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆی ئوسترالیا، ماڵکم تێرنبوڵ گوتی هەروەها حکومەتەکەی بە نیازی پـرۆژە یاسایەک بخاتە بەردەم پەرلەمان کە ڕێگە بدات بە هێشتنەوەی ئەو تاوانکارانەی زۆر جێی مەترسین لە زیندانەکاندا تەنانەت پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکانیان.