لە بەنگلادێش پۆلیس مانی گرتووە و خوێندکاران کارەکانی هاتووچۆ دەکەن

خوێندکارانی بەنگلادێش لەگەڵ پۆلیسدا شەڕییان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان و سەرکەوتن، بەڵام ئەگەر وڵاتەکەیان دەست بکات بە گەشتێکی نوێ، دەبێت کەسێ ڕێگاکانی بەردەمییان پاک بکاتەوە.

قەرەباڵغی شەقامەکان و ڕێزی ئوتومبێلەکان ئێستا بووەتە ڕاستییەک لە داکای پایتەختدا، لە کاتێکدا کە ئەفسەرانی پۆلیس مانییان گرتووە دوای دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک وەزیری پێشووی بەنگلادێش شێخ هاسینا، خوێندکارەکان کە خۆپیشاندانییان کرد بۆ دوورخستنەوەی هەسینا، بڕیاریانداوە خۆیان کارەکە ئەنجام بدەن.

نەسرین ئەختەر کۆلی 21 ساڵ دەڵێت " وڵاتەکەمان نابێت بە چەق بەستوویی بمێنێتەوە."

وتی " ڕووبەڕووی پۆلیس بووینەوە، لەبەرئەوەیە کە پۆلیس کار ناکات. لەبەرئەوە دەبێت خەڵکەکەمان لە جیاتی پۆلیس کارەکە بکەن."

کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆ لە داکا لە باشترین کاتەکاندا کارێکی قورس بووە، زۆرێک لە ئەفسەرەکانیش بەوە ناسراون کە بێباک بوون بەرامبەر شۆفێرە خراپەکان.

بەڵام کۆلی و هاوپۆلەکانی پەرۆشییەکی نوێیان هێناوە بۆ کارەکە لە کاتێکدا کاری پۆلیسی هاتووچۆیان دەکرد لە یەکێک لە شەقامە هەرە قەرەباڵغەکانی شارەکەدا.

شۆفێرانیش لە بەرامبەردا بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ خوێندکارەکاندا دەکرد.

ناهید کەلام نەبیلی تەمەن 22 ساڵ لە کاتێکدا کە کاری پۆلیسی هاتووچۆی دەکرد لەسەر شەقامەکە وتی " دوای هەر شۆڕشێک وڵاتەکە ڕووبەڕووی هەندێک قورسایی دەبێتەوە."

وتی " خوێندکارەکان ئێستا دۆخەکە بەڕێوەدەبەن، وڵاتەکەش بە پارێزراویی دەهێڵنەوە."

پێش ئەوەی شێخ هاسینا لە ڕۆژی دووشەممەدا دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە هەڵبێت بۆ هیندستان، زیاتر لە 450 کەس لە ماوەی هەفتەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشدا کوژران.

خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئاشتییانە بوون، هەتاوەکو ئەو کاتەی پۆلیس هەوڵیدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی بڵاوەیان پێبکات، ئەوەش بووە هۆی ڕووداوەکان و دواجار کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی هاسینا کە ماوەی 15 ساڵ بوو بەردەوام بوو.

بەپێی پۆلیس و نەخۆشخانەکان، دەیان ئەفسەری پۆلیس لە پشێوییەکەدا کوژراون.

دوای هەڵاتنی هاسینا، پۆلیس دەڵێت هێرشکراوەتە سەر 450 بنکەی پۆلیس لە کۆی 600 بنکە.

ڕۆژی سێشەممە یەکێتی پۆلیس مانگرتنی ڕاگەیاند هەتاوەکو ئەو کاتەی دڵنیایی دەدرێت لەسەر ئاسایشی ئەفسەرەکان، سەرکردەیەکی نوێی پۆلیسیش داوای لێبووردنی کرد لەسەر کارەکانی سەرکردەی پێشووی پۆلیس کە دەرکراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس