ڕێکخراوەکانی مافەکان لە بەنگلادیش هۆشداری دەدەن لەسەر هێرشکردنە سەر کەمینەکان

ڕێکخراوەکانی مافەکان و دیبلۆماتکاران لە بەنگلادیش ڕۆژی سێشەممە باسییان لە نیگەرانییەکان کرد سەبارەت بە هەواڵەکانی هێرشکردنە سەر کەمینەکانی وەکو هیندووەکان، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە شێخ هاسینا لە ماوەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی وڵاتەکەدا دوورخرایەوە.

شایەتحاڵان دەڵێن هەندێک لە دوکان و ماڵی هیندووەکان کە کەمینەن لە دانیشتوانە زۆرینە موسوڵمانەکەی بەنگلادیشدا و هەندێک پێیان وایە نزیک بوون لە شێخ هاسیناوە، ڕۆژی دووشەممە هێرشییان کراوەتە سەر.

پۆلیس وتی کۆمەڵە کەسێک هێرشی تۆڵەکردنەوەیان کردووەتە سەر هاوپەیمانەکانی هاسینا. شایەتحاڵان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وت ئۆفیسەکانی پارتی ئاوامی هاسینا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سوتێندراون و تاڵانکراون.

ڕانا داسگوپتای سکرتێری گشتی ئەنجومەنی یەکگرتووی هیندو بودی کریستیانەکانی بەنگلادیش وتی " خانووەکان و دوکانەکانی خەڵکە کەمینەکان ڕۆژی دووشەممە لە لانیکەم 97 شوێن هێرشییان کراوەتە سەر و تێکدراون و تاڵانکراون."

ئەنجومەنەکە وتیشی ڕۆژی دووشەممە لانیکەم 10 پەرستگای هیندووەکان لەلایەن " خراپەکارانەوە " هێرشییان کراوەتەسەر.

بەرپرسێکی نەخۆشخانەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی هاووڵاتییەکی هیندو لە ناوچەی باغیرەتی باشووری بەنگلادیش ئەوەندەیان لێدراوە تاوەکو مردووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە داکا داوای " هێمنی " کرد.

وتی " نیگەرانین سەبارەت بە هەواڵەکان لەسەر هێرشکردنە سەر کەمینەکان و شوێنە ئاینییەکان لە بەنگلادیش."

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەنگلادیش چاڕڵز ویتلی وتی بەرپرسانی نێردەی یەکێتی ئەوروپا " زۆر نیگەرانن سەبارەت بە هەواڵەکان لەسەر هێرشەکان دژی شوێنەکانی پەرستن و ئەندامانی ئایین و نەژاد و کەمینەکانی دیکە لە بەنگلادیش."

وتی " بەپەلە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و توندوتیژی ڕەت بکەنەوە و مافە مرۆییەکانی سەرجەم بەنگلادیشییەکان بەرز ڕابگرن."

ڕۆژی دووشەممە کوشندەترین ڕۆژی خۆپیشاندانەکان بوو لە بەنگلادیش کە لە مانگی حەوتەوە دەستییان پێکردووە، لانیکەم 122 کەس کوژران.

سەرچاوە/ فرانس پرێس